نەوا-
شیكردنەوەیەك بۆ نهێنی و تایبەتمەندییەكانی رۆژو شكاندن بە خورماو ئاو لە ئێوارانی مانگی رەمەزاندا دەكرێت.
ماڵپەڕێكی عەرەبی رایدەگەیەنێت، هەندێك لە مێژونوسان پێیانوایە خورما یەكێكە لە كۆنترین میوە چێنراوەكانی مێژو، شارەزایانی بواری خۆراكیش رونیانكردۆتەوە كە رۆژو شكاندن بە خورماو ئاو باشترین بژاردەی تەندروستە، لەبەرئەوەی خورما سەرچاوەیەكی ناوازەی شەكرە، ئەمەش وایكردوە ببێتە رێگەیەكی كاریگەرو خێرا بۆ جێگرتنەوەی ئەو وزەیەی جەستە كە لەماوەی كاتژمێرەكانی بەڕۆژوبوندا لەدەستی دەدات.
ئەوەش خراوەتەڕو، خورمای وشككراوە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە چەندین كانزاو ماددە خۆراكییە سەرەكییەكان، وەك مەگنسیۆم و كالسیۆم و ئاسن و پۆتاسیۆم، بە گشتی خورما سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ مادەی ئاسن و بۆ ئەو كەسانە باشە كە بەدەست كەمی ئاسنەوە دەناڵێنن، چونكە كەمی رێژەی ئاسن لە جەستەدا رەنگە ببێتە هۆی هەستكردن بە ماندوێتی بەردەوام و بەهۆی ئەو كانزایانەی لە خورمادا هەن وزەیەكی خێرا بە جەستە دەبەخشن.
سەبارەت بە خواردنەوەی ئاو لە ئێوارانی رەمەزاندا باس لەوەكراوە، ئاو رۆڵێكی بنەڕەتی دەگێڕێت لە شێداركردنی لەش دوای چەند كاتژمێرێكی زۆر لە رۆژوگرتن، بەو پێیەی یارمەتی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی شلەمەنی دەدات و قەرەبوی شێداركردنەوەی جەستە لە رەمەزاندا دەكاتەوە، هەرچەندە دەشتوانرێت شلەمەنی لە شەربەت و شۆرباو تەنانەت سەوزەو میوە بەدەستبهێنرێت، بەڵام ئاو باشترین بژاردیە، چونكە هیچ كالۆرییەكی تێدا نییە.