نەوا-
كۆمكاری عەرەبی داوای سەقامگیری و ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكانی سوریاو دانیشتوانەكەی دەكات.
لەسەر روداو و ئاڵۆزییەكانی سوریا كۆمكاری عەرەبی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو تیایدا رایگەیاندوە، ئەمیندارێتی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بە نیگەرانییەوە چاودێری گۆڕانكارییەكانی رەوشی ئەمنی سوریا دەكات لەناوچەی كەناراوەكانی سوریاو ئەو روبەڕوبونەوە چەكداریانەی رویانداوە.
راشیگەیاندوە، كۆمكاری عەرەبی ئیدانەی توندوتیژییەكان و بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەكانی حكومەت و ئەو كوشتنانە دەكەن، هەروەها هەمو دەستوەردانێكی دەرەكی بەئامانجی خراپكردنی رەوشی ناوخۆ كە ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاشتەوایی نێوان دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئیدانە دەكەن.
كۆمكاری عەرەبی ئاماژەشیكردوە، رەوشی ئێستای سوریا پێویستی زیاتری بە پابەندییە سیاسییەكان و رێوشوێنەكانی بەرقەراركردنی سەقامگیری و ئاسایش بۆ دانیشتوانەكەی هەیە لەپێناو پوچەڵكردنەوەی هەر پلانێك كە هەوڵی بۆدرابێت تاكو سەقامگیرییەكەی تێكبدات.