نەوا-
ڕۆژی ٢١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی دا كە ژمارەیەك بڕگە و ماددەی جیاوازی لە خۆ گرتووە و ئەمەش لە ناوخۆی عێراق و دەرەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوە.
یاساكە لە كۆمەڵێك ماددە و بڕگەی جیاواز پێكهاتووە بەڵام ئەوەی زیاتر مشتومڕ و ناڕەزایەتی لێكەوتەوە بابەتی هاوسەرگیریی بوو كە بەپێی هەمواری یاساكە، ڕێگا بە كوڕان و كچانی بچووك دەدرێت كە هاوسەرگیریی ئەنجام بدەن و بە بالغبوون ناوی هاتووە، زانایان و یاساناسان تەمەنی بالغبوونی كچان بە تەمەنی نۆ ساڵی و كوڕانیش بە تەمەنی ١٥ ساڵی دەبەستنەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی لیژنەی باڵای فەتوای هەرێم و دەستەی دەستپاكی لێكەوتەوە و جەخت لەسەر هەوڵەكانییان دەكەنەوە بۆ هەڵوەشانەوەی یاساكە.
لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان-عێراق دژی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی دەوەستێتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەمواركردنەوەكە نەگونجاوە و لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ئەمڕۆ ناگونجێت و دووپاتیشی دەكاتەوە كە ئەم یاسایە لە هەرێم جێبەجێ ناكرێت. هاوكات سەرۆكی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێم ئەوە دەخاتەڕوو كە جگە لەوەی یاساكە پێشێلكاریی مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش مافی منداڵی تێدایە، ڕاشیدەگەیەنێت كە بەم هەمواركردنەوەیە عێراق ڕووبەڕووی شەرمەزاری دەبێتەوە لە دەرەوەدا، هەروەها یاساناسێكیش پێیوایە ئەم یاسایە بابەتی تایفەگەریی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان قوڵتر دەكاتەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان-عێراق، دكتۆر حەسەن خۆشناو لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتویەتی: "بەداخەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ڕێگای هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسی كۆمەڵێك گۆڕانكارییان لەم یاسایەدا كرد، بە بۆچوونی ئێمە بەشێك لەم گۆڕانكارییانە نەگونجاون و لە شوێنی خۆیان نین، یەكێك لەوانە بەشوودانی كچانی تەمەن بچووكە واتا تەمەنی نۆ ساڵی، ئێستاش كچی نۆ ساڵی خەریكی یارییكرنە لەناو منداڵان و، ناكرێت بەپرسیاریەتی خێزانی پێ بسپێری و بیكەیتە دایك، ئەمە شتێكی خراپە و نەگونجاوە و لە ڕووی ئایینییەوە و لە مەزهەبی ئێمە لەگەڵ بنەما نەگۆڕەكانی ئیسلام ناگونجێت، بۆیەش بە شوودانی منداڵی بچووكی كچ قەدەغەیە و ڕێگاپێدراو نییە لەلای ئێمە وەك ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم، لەبەر ئەوەشە ئەم بڕگەیە لەلای ئێمە وەكو هەرێم كاری پێ ناكرێت چونكە بە نا جائیز و نا دروستمان داناوە و پێمان وایە بڕیارێك بوو لە شوێنی خۆیدا نەبوو".
لەبارەی ئەوەی لە هەمواركردنەكەدا، پشتیان بە چی بەستووە، دكتۆر حەسەن خۆشناو وتی: "لە مەزهەبەكانی ئیسلامدا جیاوازی هەیە لە نێوان شیعە و سوننە و جەعفەری، دیارە ئەوانە وەك مەزهەبی جەعفەری هەندێك ڕێگایان دۆزیووەتەوە بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكەن و تەشریعی ئەم فەتوایەی پێ بكەن، كە بێگومان ئەمە ناپەسەندە و گونجاویش نییە لەگەڵ شارستانیەت و پێشكەوتنی ئەمڕۆ، بە تایبەت كە ١٥ ساڵیان بۆ كوڕ داناوە، كوڕیش لەم تەمەنەدا نەگونجاوە بیخەیتە ژێر بەرپرسیاریەتیی، بەداخەوە ئەوانە واقعی مرۆڤەكانییان نەخوێندووەتەوە، چونكە مرۆڤ كە باڵغ دەبێت تەكلیفی دەكەوێتە سەر، كچێك لە نۆ ساڵییەوە كە بالغ نەبووە و تەكلیفیی لەسەر نییە، چۆن دێی تەكلیفی لەسەر دادەنێی؟".
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم دكتۆر حەسەن خۆشناو گوتیشی: "بە شوودانی كچی منداڵ، لە ڕووی بایۆلۆجی و جەستەییەوە كاریگەرییەكی نەرێنی دەبێت، هەروەها لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە لێكەوتەی زۆر خراپی دەبێت، چونكە ئەم كچ و كوڕە ناتوانن خێزان بەڕێوەببەن و ئەم كاتە شیرازەی خێزان و كۆمەڵگا تێكدەچێت و هیوادارین ئەمانە پێداچوونەوەیەكی پێدا بكەن".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم ئاماژە بەوەش دەكات كە بەر لە هەمواركردنەكە هەموو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، بەشێكی زۆر لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان و بەشێكی زۆر لە ناوەندە ئیسلامییەكان بانگەوازی ئەوەیان كرد كە ئەم هەمواركردنەوەیە نەكرێت بەڵام هەر كرا.
هاوكات سەرۆكی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان-عێراق، دكتۆر مونا یاقو پێیوایە كە ئەمە جگە لەوەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئەم هەمواركردنە لەگەڵ ئەو ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییانە یەكناگرێتەوە كە عێراق واژووی لەسەر كردووە، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە جێبەجێكردنی ئەم یاسایە لێكەوتەی خراپی كۆمەڵایەتی و تەندروستی لێدەكەوێتەوە سەرەڕای شەرمەزارییەكی زۆر بەرامبەر دونیای دەرەوە.
هاوكات سەرۆكی دەستەی سەربەخۆیی مافی مرۆڤ لە هەرێم، دكتۆر مونا یاقو لەبارەی هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی لە عێراق رایگەیاندوە: "ئەم یاسایە كە پێشتر خوێندنەوەی بۆ كرا بوو، بینیمان پشێوی زۆری دروست كرد، دیار بوو كە یاسایەكی ئاسایی نییە وەك هەر یاسایەكی دیكە، چونكە دوو بەرەی جیاوازی دروست كرد، پێویستە ئەگەر كێشەیەك لە هەر وڵاتێك هەبێت ئەوا بگەڕێنەوە سەر دەستوور بۆ چارەسەركردن، بەڵام دەستووری عێراق بەوە ناسێندراوە كە قەیرانەكان دەخوڵقێنێت و چارەسەری قەیران ناكات چونكە زۆر شت لەناویدا هەیە كە دژ بە یەكترن بۆ نموونە ماددەی دووی دەستوور كە باسی سەوابتی شەریعەی ئیسلام یان ماف وئازادییەكان دەكات، دەبینین دواتر دەگەڕێتەوە شتێكی دیكە دەڵێت، ئەمە وا دەكات كە قەیران چارەسەر نەكات و دروستی بكات".
دكتۆرە مونا یاقو وتیشی: "كە دەگەڕێینەوە پێگەی ڕێككەوتننامەی نێودەوڵەتیەكان لەناو عێراقدا ئەویش لە دەستووری عێراقدا ڕوون نییە، دەبووایە پێگەیەكی باشتر بدرێتە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی كاتێك ئەمڕۆ وەك مافی مرۆڤ كە باسی شووكردن و تەمەنی هاوسەرگیری دەكەین، ڕەنگدانەوەی ناو ئەو ڕێككەوتننامانە بووایە كە عێراق واژووی لەسەر كردووە بەڵام دەستووری عێراق بە ڕستەیەكی زۆر كورت نوسیوویەتی عێراق ڕێز دەگرێت لە پابەندییە نێودەوڵەتییەكان، بێگومان ئەمە ڕستەیەكی زۆر ناڕوونە".
لەبارەی هاوسەرگیریی بۆ كچانی تەمەن بچووك، دكتۆرە مونا یاقو گوتی: "ئەم یاسایە كە دەنگی لەسەر درا، بە ڕاشكاوی لەناویدا نەهاتووە كە لە نۆ ساڵییدا كچ بە شوو دەدرێت بەڵام كە دەگەڕێینەوە سەر مەوسوعەی فیقهی مەزهەبەكان دەبینین مەزهەب هەیە ڕێگا دەدات تەنانەت لە تەمەنی دوو ساڵییدا دەكرێت كچێك مارە بكرێت، بەڵام مافی ئیستیمتاع (چێژوەرگرتن) دوای خستووە بۆ ٩ ساڵی، ئەم بەڵگەیەش لە هەندێك سەرچاوەدا هەیە، بۆیە ئەم تەمەنی هاوسەرگیرییە كێشەیە و لەگەڵ ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتتیەكان ناگونجێت بۆ نموونە ڕێككەوتنامەی مافی منداڵ ساڵی ١٩٨٩ دەرچووە و عێراق پەسەندی كردووەتەوە و پابەندە پێیەوە، لەناو ئەم ڕێككەوتنە باسی منداڵ كراوە كە هەتا تەمەنی ١٨ ساڵی بە منداڵ هەژمار دەكرێت، واتا ناكرێت باسی هاوسەرگیریی لەگەڵ بكرێت، بەڵام دەبینین لەم یاسایە شتێكی دیكەیە".
دكتۆرە مونا یاقو گوتیشی: "ڕێككەوتننامەی سیداو كە ساڵی ١٩٧٩ دەرچووە و لە ساڵی ١٩٨٦ عێراق پەسەندی كردووە، دیسان باسی هاوسەرگیری منداڵ دەكات، كەواتا لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە شەرمەزاری ئەم وڵاتانە دەبین كە ڕێككەوتننامەكانییان لەلایەن عێراقەوە واژووی لەسەر كراوە، جگە لەوەش بەڕاستی وەك دایكێك هەست دەكەم ئەمە كارەساتێكی گەورەیە بەسەر منداڵەكانمانەوە، چونكە دەبێت دەرفەتی خوێندن و پەروەردەیەكی باشیان پێبدەین نەك بچین باسی هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بكەین".
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان-عێراق پێیوایە ئەم یاسایە لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە و لە ڕووی تەندروستی و كۆمەڵایەتیشەوە خێزانەكان ڕووبەڕووی قەیرانێكی دیكە دەكاتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم یاسایە لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە چونكە ئەوەی تەمەنی نۆ ساڵ بێت هێشتا منداڵە و پێویستی بەو هەیە كەسێك ئاگاداری بێت و پەروەردەی بكات، هەروەها لە ڕووی تەندروستیشەوە ئەو منداڵە هێشتا ئەندامەكانی جەستەی بە جوانی گەشەی نەكردووە و ئامادە نییە، هاوكات لە ڕووی دەروونیشەوە ئەم منداڵە كاتێك تووشی پابەندی خێزانیی دەبێت ئەوا لێكەوتەی نەرێنی لێ دەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من وەكو دایكێك شەرم دەكەم بڵێم لە وڵاتێكدا دەژیم كە یاساكەی ڕێگا بە منداڵ دەدات بۆ ئەوەی شوو بكات".
دوای هەمواركردنەوەی یاساكە، نەتەوەیەكگرتووەكان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و لەبارەی هەڵوێستیان لەسەر بەیاننامەكە، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ گوتی: "بەیاننامەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان بەیاننامەیەكی شەرمنانە بوو كە ڕازی نییە بەم بابەتە، ئەم بەیاننامە زۆر درەنگ بوو، دەبوو پێش دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بۆ هەمواركردنەكە، ئەوان هەڵوێستیان هەبووایە و كاریگەریان هەبووایە، كاتێك كە بەیاننامەیەك دەردەكەن دەبووایە زیاتر ئەو بەڵگانەی لەگەڵ دابنرێت كە دەیسەلمێنن ئەم بابەتە ناگونجێت لەگەڵ ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و قبوڵیش ناكرێت كە عێراق بەم شێوەیە پابەندیی هەبێت بە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان، بۆیە بەیاننامەكەیان لاواز بوو، بە دڵمان نەبوو".
پارێزەرێكی ڕاوێژكار جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەمواركردنەكە كەموكوڕیی زیاتر دروست دەكات تا چارەسەری كێشەكان، جەختیش لەوە دەكاتەوە بەشێك لە بڕگەكانی هەیبەت بۆ دادگاكان ناهێڵێتەوە.
پارێزەری ڕاوێژكار جەلالەدین شێخ زادە لەبارەی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی لە عێراق، بۆ ئاژانسەكە رایگەیاندوە: "یاسایەكە لە ساڵی ١٩٥٩ دەرچووە و ئەگەرچی تەمەنێكی زۆری بەسەردا تێپەڕیووە بەڵام تا ئێستاش یاسایەكی تۆكمەیە و كەمترین كێشەی دروستكردووە لە كۆمەڵگادا، حەق وایە كاتێك بیر لە هەمواركردنەوەی یاسایەك دەكرێتەوە بەشێوازێك بێت ئەگەر كەموكوڕییەك هەبێت چارەسەر بكرێت و باشتر بكرێت بەڵام بەڕاستی من سەیری هەمواركردنەكە دەكەم نەك چارەسەری كەموكوڕیی نەكردووە بەڵكو كەموكوڕیی لە یاساكەدا زیادكردووە و بەم شێوەیەی كە كراوە كێشەی زۆر گەورە دروست دەكات".
ئەو پارێزەرە گوتیشی: "بەپێی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ كوڕ و كچێك تەمەنیان نەگاتە تەمەنی یاسایی كە ١٨ ساڵە ناتوانن هاوسەرگیری بكەن لە یەك حاڵەتدا نەبێت كە كچێكی تەمەن ١٥ ساڵ بە حالەتێكی تایبەت و بە ڕەزامەندی وەلی ئەمر (دایك و باوك) و دادوەر دەتوانرێت هاوسەرگیرییەكە ئەنجام بدرێت بەپێی ئەو یاسایەی كە ئێستا بەركارە، بەڵام ئەو یاسایەی كە ئەوان هەمواریان كردووە، جارێ چوارچێوەیەكی نەگۆڕی نییە و بەستوویانەتەوە بەوە كە لەماوەی شەش مانگ هەردوو وەقفی شیعی و سوننی بۆچوونی خۆیان بنووسن و ئەوا بكرێتە بەشێك لە یاساكە، چونكە ئیستا نەگوتراوە تەمەنی ٩ ساڵ بەڵكو دەڵێت بالغبوون، بەپێی مەزهەبی شیعی تا نۆ ساڵیش جائیزە كچ مارە بكرێت. ئەمەش كێشەیەكی گەورە دروست دەكات".
لەبارەی لێكەوتە یاساییەكانەوە، پارێزەر جەلالەدین شێخ زادە گوتی: "بە دڵنیاییەوە كێشەی گەورە لە كۆمەڵگا دروست دەكات، ئێستا ڕێژەی تەڵاق بەرزە، بێگومان كاتێك كچێكی تەمەن نۆ ساڵ هیچ نموونەیەكی عەقڵیەتی هاوسەرگیریی نییە و ناتوانێت بەردەوامی پێبدات، ئەوا كێشە دروست دەبێت و زوو جیابوونەوە ڕوودەدات، لەم حاڵەتەدا منداڵەكانیش دەبنە قوربانی و ڕێژەی منداڵی بێ دایك و باوك زۆر دەبێت".
لە بڕگەیەكی یاسا هەمواركراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە كچ و كوڕێك دەتوانن گرێبەستی هاوسەرگیریی لەدەرەوەی یاسا ئەنجام بدەن و دواتر بیبەن لە دادگا پەسەندی بكەن، لەبارەی ڕۆڵی دادگا لەم بابەتە، پارێزەر جەلالەدین شێخ زادە گوتی: "ئەمە یەكێكە لە كێشەكانی دیكە، بەپێی یاسای بەركار، گرێبەست لە دەرەوەی دادگا، بە كەتن هەژمار دەكرێت و ئەوەیشی كە گرێبەستەكەی كردووە و مامەڵەی كەسێكی لەگەڵدا دەكرێت كە كەتنێكی ئەنجامداوە و لە ڕووی یاساییەوە سزای لەسەرە، بەڵام بەم هەموارە تازەیە ڕێگا دەدات هەر كەسێك لە دەرەوەی یاسا گرێبەستی هاوسەرگیری بكات بۆ هەر تەمەنێك بێت و دواتر بەپێی یاساكە لە دادگا پەسەند دەكرێت، بێگومان لەم حاڵەتەدا هەیبەت بۆ دادگا نامێنێت، ئەمە ڕێگا خۆش دەكات كە بابەتی فرەژنی ئاسان بێت و ئەو مەرجانەی كە ئێستا لە هەرێم هەیە بۆ هێنانی ژنی دووەم، ئەوكات نایانگرێتەوە".
شێخ زادە گوتیشی: "كێشەیەكی دیكە بریتییە لە بابەتی دایانی منداڵ، ئیستا بەپێی یاسا، منداڵ تا تەمەنی ١٥ ساڵیی لای دایك دەبێت و دایك سەرپەرشتی دەكات، بەڵام بەپێی هەمواركردنەكە لە تەمەنی ٧ ساڵی بە دواوە منداڵ دەدرێت بە باوك، بەم شێوەیە منداڵ لە ناز و پەروەردەی دایك مەحروم دەكرێت و ئەمەش كێشەیەكی دیكە بۆ كۆمەڵگا دروست دەكات".
پارێزەر جەلالەدین شێخ زادە ڕاشیگەیاند كە: "هیمەت و هاوكارییەكی گشتی دەوێت بۆ كاركردن لەسەر هەڵوەشانەوەی ئەم یاسایە چونكە ئەمە كۆمەڵگای عێراقی دابەش دەكات بەسەر تایفەگەریی و بابەتەكە قوڵتر دەكاتەوە و خێزان هەڵدەوەشێنێتەوە".
راپۆرتی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ