بەپێی راپۆرتێكی كۆمەڵەی مافەكانی مرۆڤی كوردستان لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، 30 چالاكوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیركراون و 14 كۆڵبەریش بوونە قوربانی و سزای لەسێدارەدانیش بەسەر دوو كەسدا سەپێنراوە.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، راپۆرتی پێشێلكاریەكانی مافی مرۆڤی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ بڵاوكردەوە، بەپێی ئەو راپۆرتە كە وێنەیەكی بۆ (نەوا) نێردراوە، لەو مانگەدا شەپۆلی گرتن و دەستبەسەركردنی چالاكوانانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و سیاسی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام بووە و 30 چالاكوان دەستگیركراون، كە دوو لەوانە هونەرمەندن و تەنها لەبەر كاری هونەری و وتنەوەی سترانی شۆڕشگێڕی دەستبەسەر كراون، ئەوانیش هەر یەك لە "پەیمان میرزازادە" و "سامان جەرجیس"ن.
بەو 30 كەسەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی كاروچالاكی سیاسی، مەدەنی و ژینگە پارێزیەوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستبەسەركراون، گەیشتوەتە 69 كەس.
سەبارەت بە رەوشی كۆڵبەران هاتووە، لە مانگی شوباتدا دوو كۆڵبەر كوژراون و 12 ی تریش برینداربوون، ئەمە جیا لەوەی بە هۆی تەقینی مینەوە كەسێك ژیانی لەدەستداوە و دوانی تر برینداربوون.
جێی باسە ساڵی رابردوو زیاتر لە 200 كۆڵبەر لە سەر سنورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ببونە قوربانی كە زۆرینەیان بە تەقەی راستەوخۆ هێزە ئەمنیەكانی ئێران پێكرابوون.
دەربارەی حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتنیش لە راپۆرتەكەی كۆمەڵەی مافی مرۆڤدا هاتووە، كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا 3 ژن و 3 پیاو خۆیان كوشتووە و 2 ژن و 2 پیاویش كوژراون.
لەبارەی هۆكاری زۆربەی خۆكوشتنەكانیشەوە لە راپۆرتەكەی كۆمەڵەی مافی مرۆڤدا هاتووە، كە زۆرینەی ئەو كەسانەی پەنایان بۆ خۆكوشتن بردووە، هۆكاری ئابوری لە پشتەوە بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانێكی قوڵی دارایی كە بەتایبەتی دوای كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی و گەڕانەوەی سزاكان بۆ سەر حكومەتی تاران، بەرۆكی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە.
بڕگەیەكی تری راپۆرتەكە تایبەتە بە ئامارەكانی لەسێدارەدان، سەرباری ئەوەی لەو مانگەدا هیچ سزایەكی لەسێدارەدان جێبەجێ نەكراوە، بەڵام سزای لەسێدارەدان بە سەر كەسێك بە تۆمەتی بەشداری لە هێرشەكەی ساڵی 2017 ی سەر پەرلەمانی ئێران سەپێنراوە و سزای لەسێدارەدانی كەسێكیش كە لە تەمەنی منداڵیدا تاوانی كوشتنی ئەنجمداوە، لە لایەن دیوانی باڵای دادوەریەوە سزاكەی پشتڕاست كراوەتەوە.
كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان بە ئاماژەدان بەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران رێگە بە چاودێرانی بێ لایەن و نێودەوڵەتی نادات لە نزیكەوە چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بكەن، جەختی لەوەكردۆتەوە، ئەو ئامارانەی بڵاوی كردوونەتەوە، وێنەیەكی بچوكی پێشێلكاریەكانە لە رۆژهەڵاتی كوردستان.