وەزیری پێشمەرگە: یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە

03/10/2024

نەوا-
وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاكۆتایی ساڵ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر دەكرێن و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەش قۆناغی باشی بڕیوە.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە یەكخستنی سیستمی موچەی پێشمەرگە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە دوو سیستمی جیاوازمان هەبوە هەرێمی كوردستان لەگەڵ عیراق جیاواز بوە ماوەی 30 ساڵە لە عیراق سیستمێكی تر موچە دابەشدەكرێت و لەهەرێمی كوردستانیش كە نیمچە سەربەخۆ بوە بە سیستمێكی جیاواز دابەشی كردوە، ئێستا كە تێكەڵ دەبێت لەگەڵ سیستمێكی تری عیراقیدا دەبێت عیراقیش لەگەڵ ئەمەدا پشو درێژبێت.
وتیشی: ماوەی ئەو سێ مانگەی دانراوە تاكو كۆتایی ساڵ كۆتایی بە هەمو كێشەكان دەهێنرێت ئەگەر بەهانەی ترو بیانوی تر دروست نەكرێت.
سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە شۆڕش ئیسماعیل وتی: یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بە قۆناغەو پێویستی بەكات و پشودرێژی و لەسەرخۆییە، قۆناغی باشی بڕیوە بەدەوام دەبێت و دەبێت بشگاتە ئەو ئامانجەی بۆی دیاریكراوە، تا كورد یەك هێزی كوردستانی هەبێت بۆئەوەی بتوانێت بەر لە مەترسییەكانی داهاتوی سەر هەرێم و عیراقیش بگرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group