"بۆ پێشوازیكردنی لە گەشتیاران رێكارەكانی پێدانی ڤیزا ئاسانكراون"

5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، بۆ سەری ساڵ گەشتیارێكی زۆر سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و رێكارەكانی پێدانی ڤیزا بە گەشتیاران ئاسانكراون.
ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، كەرتی گەشتوگوزار لەم ماوەیەدا سەردەمی زێڕینی بوەو 7 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی تێدا كراوە كە %42ی سەرجەم پڕۆژەكان و ژێرخانی كەرتی گەشتوگوزاری لەڕێگەی پرۆژە ستراتیژییەكانەوە خراونەتە سەر پێی خۆیان.
ئەوەشی باسكردوە، لەم كابینەیەدا بۆ یەكەمجار یاسای گەشتوگوزار پەسەند كرا كە لەگەڵ یاساكەدا چەندین رێنمایی تایبەت بە چالاكییەكانی گەشتوگوزار پەسەند كراون و كاریان پێكراوە كە زۆر كاریگەر بون، ئێستا ژمارەی گەشتیارانی بیانی بۆ كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبۆتەوە كە لە ئێستادا %25ی گەشتیارانی كوردستان لە دەرەوەی عیراقەوە دێن و حكومەتی هەرێم رێكارەكانی پێدانی ڤیزای بە گەشتیارانی نێودەوڵەتی ئاسانكردوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی ئەو ئەزمونەی هەمانە‌ ساڵانە گەشتیارێكی زۆر بە مەبەستی بەسەربردنی پشوەكانی سەری ساڵ رو لە كوردستان دەكەن، لەو ماوەیەشدا پێشبینی دەكەین 200 بۆ 250 هەزار گەشتیار بێنە هەرێم، ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ مۆڵ و هۆتێل و چێشتخانەكان و بنكە گەشتیارییەكان كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group