هەسەدە: لە كۆبانێ و بەنداوی تشرین شەڕێكی سەخت دەستیپێكردوە

3 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
هێرشی چەكدارانی سوپای نیشتمانی سوریا بەپشتیوانی توركیا بەردەوامە بۆ سەر بەنداوی تشرین و كۆبانێ و چەند ناوچەیەكی تر لە رۆژئاوای كوردستان.
هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایانكردوە، چەكدارانی سوپای نیشتمانی سوریا كە وڵاتی توركیا پشتیوانیان دەكات لە رۆژی سێشەممەوە هەلی ئاگربەستیان قۆستۆتەوەو لەچەند قۆڵێكەوە هێرشیان بۆ سەر بەنداوی تشرین و كۆبانێ دەستپێكردوە، لە بەنداوەكە لە سێ میحوەرەوە هێرشیان كردوە بەپشتیوانی توركیا لەلایەن ئەنجومەنی سەربازی منبجیشەوە بەرپەرچ دراونەتەوە هیچ زیانێكی گیانی لەو هێرشانەدا تۆمار نەكراوەو 8 جاریش بە فڕۆكە ناوچەكەیان بۆردومان كراوە.
 راشیگەیاندوە، لەناوچەكانی پردی قەرقۆزاق و گوندێكی باشوری كۆبانێ بەردەوام فڕۆكەكان بۆردومان دەكەن، رۆژی چوارشەممەش بەهەمانشێوە لەچەند قۆڵێكەوە هێرش دەستیپێكردەوە پێكادانێكی قورس رویداوەو بەردەوامە.
لە راگەیەنراوەكەی هەسەدەدا هاتوە كە هێزەكانیان فڕۆكەیەكی بەیرەقداریان لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق خستۆتەخوارەوە، بەرپەرچی سەرجەم هێرشەكانیشیان داوەتەوەو بەرگری لە ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا دەكەن لە پێشیانەوە كۆبانێ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group