مافەكانی مرۆڤ لە گۆشە نیگایەكی ترەوه

كارزان فازیل

پێش 1 هەفتە

   ئەمڕۆ مرۆڤایەتی یادی (76حەفتاو شەش)ەمین ساڵیادی گرنگترین بەڵگەنامەی مێژووی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ دەكاتەوە،كەپاش چەندین كارەسات و جەنگی ماڵوێرانكەر و شكاندنی شكۆی مرۆڤ و ئاوارەبوون و بێسەروشوێن بوونی سەدان هەزار كەس و ڕووخانی ماڵ و گیان لەدەستدانی ملێونان كەس بەهۆی جەنگی جیهانی دووەمەوە،  لەدوای كۆتایی هاتنی جەنگ لەساڵی 1948  مرۆڤایەتی گەیشتە ئەو بڕوایەی كەدەبێت سنوورێك بۆ دەسەڵات وهەژموونی دەوڵەتان دابنرێت بەسەر هاوڵاتیەكانیەوە ، بۆیە ئەم بەڵگەنامەیە بێوێنەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا كە بووە  هۆی وشیاركردنەوە و دابینكردنی چەندین ماف كەپێشتر نەدەكرا باسبكرێن و قەدەغەبوون و لەكەرامەتی مرۆڤیان كەم دەكردەوە.
   پاش 76 ساڵ لە ڕاگەیاندنی ئەم بەڵگەنامەیە لەلایەن دەستەی گشتی نەتەوەیەكگرتوەكانەوە، جیهان‌ لەكاتێكدا ئەم یادە دەكاتەوە‌ كە بەشێكی زۆری گەلانی دونیا لە زۆرێك لەم مافانە بێ بەشن و تەنانەت لە زۆرێك لە وڵاتدان مافەكانیان پێشێلدەكرێت و بە شێوەیەكی خراپ ژیان دەگوزەرێنن، لەم گۆشە نیگایەوە دەپرسین ئایا ئەوەی باسدەكرێت وە ئەوەی دەگوزەرێت چی لێ دەخوێنرێتەوە؟ ئایا پێوستی مانەوەی چەمكەكانی مافی مرۆڤ وەك خۆی ماوە؟ هاوكات ئەو پاشخانە فكریەی كە لەپشتیەوە بوو  پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ گرنگی خۆی ماوە یان نا؟

   ئەوەی مرۆڤایەتی پێیگەشت لەسەدەی بیستدا سەبارەت بە چەمكەكان وپاراستنی شكۆو كەرامەتی مرۆڤ، لە مێژووی خۆیدا وێنەی نەبووە، ئەمەش بەمانای ئەوە نایەت كە پێشتر باسی هیچ كام لەو مافانە نەكرابێت لە شارستانیەتەكان و ئایینە جیاوازەكاندا، بەڵام بەم شێوە‌ وردەكاریەی كە ئێستا بوونی هەیە بۆ چەمكی مافەكانی مرۆڤ لە دابین كردنی ژیانی شایستەو مافی پەروەردە و تەندروستی و بەشداری سیاسی و بەكارنەهێنانی ئەشكەنجەو و توندوتیژی ودابینكردنی یەكسانی ژن و پیاو و مافەكلتوری و ئابوریەكان وجیاكاری نەكردن... هتد لەو مافانەی باسكراون، دەبێت  ئەوەشمان لە یاد نەچێت كاتێك باسی ئەم چەمكانە دەكەین‌ هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ پێشێلكاری و زەوتكردنیان لەلایەن دەوڵەتانەوە. 
   بەڵام ئەوەی  كێشە و گرفتە  جێبەجێكردن و پیادەكردنی ئەم مافانە بەسەر تەواوی دەوڵەت و میللەتانی جیهاندا ، ئەمەش وای كردوە زۆرێك لە دەوڵەتان  گرنگی ئەم جاڕنامەیە بەهەند وەرنەگرن، وە دەڵێن مافەكانی مرۆڤ (درۆیەكی گەورەیە)، كەواتە ئەی  كێ  جێبەجێكار و  پێشێلكاری ئەم مافانەیە!؟دیارە ئەوەی  ئەم مافانە دابین  دەكات  و زامنیان دەكات  دەوڵەتانی ئەندامن لەنەتەوەیەكگرتووەكان  ،هەروەها ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان و دەوڵەتانی ئەندامی هەمیشەیی كەمافی ڤیتۆیان هەیە دەتوانن بڕیاری چارەنووسساز بدەن لەبارەی گرفتە گەورەو پێشێلكاریە گەورەكان كە لەسەر ئاستی جیهاندا ڕوودەدەن، كەواتە كەباسی دەوڵەتانی زلهێزدەكرێت دەبێت ئەوە بزانین كە بەرژەوەندی و سیاسەتی دەوڵەتان دێتە پێشەوە كە دەبنە لەمپەری سەرەكی بۆ دەستوەردان لەكاروباری دەوڵەتانی پێشلیكاری مافەكانی مرۆڤ، بە واتایەكی تر ئەوەی زۆر جار باسدەكرێت كە‌ دامودەزگای نەتەوەیەكگرتوەكان بۆ نایەنە دەنگ وهێز بەكار ناهێنن لەئاست  جێبەجێكردن و سەپاندنی بڕگەكانی مافی مرۆڤ.
ئاشكرایە لەو وڵاتانەی كە پێشێلكاری تیادا ئەنجامدەدرێت  ئەنجومەنی ئاسایش ناگاتە ئەو بڕیارەی هێزی سەربازی بەكاربهێنێت بۆ وەستاندنی پێشێلكاریەكان. وەك ئەو كارەساتەی بەسەر كەرتی غەزەی فەڵەستین و سوریا دا هات لەڕابردوودا  ، كەواتە تا كو ئێستاش دەوڵەتانی زلهێزی دونیا  نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی كە بیانەوێت پارێزگاری لەم  مافانە بكەن و بیخەنە پێش  بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەكانیانەوە، ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان‌ لەڕووی كرداریەوە كە هێز لەسەر ئاستی‌ هەموو جیهان تەرخان بكات  بۆ پارێزگاری لە مافەكانی مرۆڤ.
  ئەوەی ماوەتەوە بیڵێن بەڵگەنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ گرنگی خۆی لەدەست نەداوە، وە خۆشحاڵیش بۆئەو گەلانەی كە هۆشیارن و گەیشتونەتە ئەو ئاستەی كەلە  دەوڵەتەكانیاندا ‌ڕێزی مافەكانی مرۆڤ بگیرێت، وەهەوڵ بۆ دابینكردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی دەدەن بۆ هاوڵاتیانیان بۆ فەراهەمكردنی ژیانێكی شایستە، نەك پاساو هێنانەوە  بۆ پیشێلكردنی مافەكان، وەك دەبینین  بە بەرچاوی هەموومانەوە  پێشێلكاری بەرامبەر بەمافی مرۆڤ دەكرێت كەئەوەش دەكەنە بەهانەی  ئەوەی بڵێن (ئەم مافی مرۆڤە درۆیەكی گەورەیە و هیچی تر) بەو مانایەی دەبێت ئێمەش لە وڵاتەكەی خۆماندا پێشێلی بكەین و ڕێزی لێنەگرین.

پارێزەر/ كارزان فازیل
     

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group