نەوا-
پەرلەمانتارێكی عیراق رایگەیاند، ئەگەر میللـەتی خۆمان خۆشبوێت و بەرژەوەندی ئەوانمان بوێت پێویستە نەهێڵین یەك رۆژ موچە دوابكەوێت.
ئاسۆ فەرەیدون ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەی (پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی) كە لەچوارچێوەی پرۆژەیەكی رێكخراوی كوردستان بۆ هەموان لە رادیۆی نەواوە پێشكەش دەكرێت، سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و لیستەكانیی رایگەیاند، بەغدا كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات وەك ئەوەی كێشە لە لیستەكانی حەشدی شەعبی و فەزاییەكانیان (بندیوار) نەبێت تەنها هەرێم كێشەی هەبێت.
وتیشی: ئەوان باس لە بەتاڵانبردنی نەوت دەكەن وەك ئەوەی لە بەسرەو سنوری ئێرانەوە نەوت نابرێتە سەر دەریا، دە هێندەی ئەوەی لێرە باس دەكرێت دەبرێت ئەوانە هەموی بانێكەو دووهەوا، من بەرگری لەهەرێمی كوردستان ناكەم من پەرلەمانتاری عیراقم نوێنەری خەڵكی كوردستانم نەك حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ خەڵك برسێتی حكومەت بە ملیارەها دۆلاری هەیە بە خەیاڵیدا نایەت موچە دێت یاخود نا، مەگەر لەوە بترسێت سەر شەقامی لێبگرن ئەگینا خەڵك بوەتە قوربانی ئەو رێكنەكەوتنەی نێوان هەرێم و بەغدا كە بەبۆچونی من خەتاباری سەرەكی نەگەیشتن بە رێككەوتن حكومەتی بەغدایە نەك حكومەتی هەرێم.
ئاسۆ فەرەیدون لەبەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی: ئێمە سواڵ لە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق ناكەین كە وادەزانێت نان و قوتی میللـەتێك بە حساب و كتاب دەكرێت، ئەمە مافی میللـەتێكە ئەمەش مردن و شورەییە بۆ منێك كە ئەندامی پەرلەمانم نەتوانم ئەوە بكەم یاخود ئەو لەشكرە كوردەی كە لە سەرۆك كۆمارەوە دەستپێدەكات تاكو دەگاتە ئەو هەمو جێگر وەزیرو جێگری پەرلەمان و وەزیران، لەشكرێك سوپاو 63 ئەندام پەرلەمان هەن ئەگەر تەنها میللـەتی خۆمان خۆشبوێت و بەرژەوەندیمان بوێت پێویستە نەهێڵین یەك رۆژ موچە دوابكەوێت یان ئەوەتا سفری دوای فاریزەش نین.
پەرلەمانتارەكەی عیراق وتیشی، ئەوەی پێمانكراوە كردومان، بەڵام گللـەیی لەهەر 63 ئەندام پەرلمەانتارەكە دەكەم كە بەخۆمەوە مانگانە موچەكانمان لە 22ی هەمو مانگێك دەچێتە سەر حساب بۆیە لەو بڕوایەدام خەڵك ناحەقی نییە رقی لێمان بێت و كاردانەوەی هەبێت.