نەوا-
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی داوا دەكات ڕێگری لە هێنان و بردنی مریشكی زیندوو لە نێوان پارێزگای سلێمانی و هەولێر نەكرێت.
نازم عەبدوڵڵا جاف سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی ڕایگەیاند، داواكارن وەزارەتی كشتوكاڵ كێشەكەیان بە خێرای بۆ چارەسەر بكات، ڕێگریكردنەكە نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمهێنەران و بازاڕەكان، هەروەها داوا بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاسایشی سلێمانی و هەولێر دەكەن وەك پێشتر هاوكاربن لە گەیاندنی ئەم بەرهەمە كشتوكاڵییە.
هەروەها، داوای لە پەرلەمانتارانی عێراقیش كردووە، بەدەم چارەكردنی كێشەكانییانەوە بچن، چونكە حكومەتی فیدراڵی ڕێگریی لە گواستنەوەی مریشكی زیندوو دەكات بۆ خواروی عێراق، لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستانیش ڕێگریی لە گواستنەوەی مریشكی زیندوو لە نێوان هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەكات.
باسی لەوەشكرد، كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكان بە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، هەزارەها هەلی كاری رەخساندووە و ئەم ڕێگرییانە دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشەیەكی گەورە بۆ بەرهەمهێنەران و كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری ناوچەكە.