پڕۆژەی هەژماری من و كۆمپانیای ڤیزا ریكەوتنێكی ستراتیژی واژۆ دەكەن

4 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم بڵاویكردەوە، پڕۆژەی هەژماری من رێكەوتنێكی ستراتیژی لەگەڵ كۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەكات.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراویكدا رایگەیاندوە، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری، پڕۆژەی هەژماری من ڕێكەوتنێكی ستراتیژی لەگەڵ كۆمپانیای ڤیزای جیهانی لە بواری پارەدانی دیجیتاڵی واژۆ دەكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كە ئەم هەوڵە هەنگاوێكی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی شێوازەكانی پارەدانی دیجیتاڵی و بەرەو پێشبردنی گشتگیری ئابووری لە رێگەی ئەنجامدانی چەندین كەمپەینی پەروەردەیی و هۆشیاری لە بارەی پارەدانی دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریەكانی بانكی لە هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش هاوكاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دەكات لەوەی كە بتوانن زیاتر پشتببەستن بە پارەدانی دیجیتاڵی لە كاروباری ڕۆژانەیاندا، ئەمەش بەوپێیەی كە بەمزووانە نزیكەی یەك ملیۆن هاوڵاتیی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان بەشێوەی دیجیتاڵی وەردەگرن.
باس لەوەشكراوە، لە چوار چێوەی ئەو ڕێككەوتنەشدا، كۆمپانیای ڤیزا بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری چەندین سیمینار و وۆركشۆپ بۆ سوودمەندانی پڕۆژەكە ڕێكدەخات سەبارەت بە سوودەكانی گشتگیری ئابووری و شیكردنەوەی باشترین ڕێگاكانی بەكارهێنان و سوودوەرگرتن لە پارەدانی دیجیتاڵی و سوود و خزمەتگوزاریەكانی بانكی. ئەمەش لەگەڵ دیدگای حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكدەگرێتەوە بۆ دەستەبەركردنی سیستەمێكی ئابووری مۆدێرن و پێشكەوتوو.
لای خۆشیەوە، ماریۆ مەكاری، جێگری سەرۆك و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای ڤیزا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارەی ئەم ڕێككەوتنە ڕایگەیاند، هۆشیاری و گشتگیری ئابووری بناغەی بەهێزكردن و پەرەپێدانی ئابوورین، ڤیزا پابەندە بەو ڕۆڵە گرنگەی پێیدراوە لەو قۆناغە ڕاگوزەرییە لە هەرێمی كوردستان لەڕێگای بەگەڕخستنی ئەزموونی كۆمپانیاكەمان لەسەرانسەری جیهان بۆ درووستكردنی ئابووریەكی دیجیتاڵی پارێزراو.
ئەم هاوبەشییە پابەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای ڤیزا دەربارەی هەوڵەكانیان بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە پارەدان لەڕێگای كاش و ئاسانكردنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و سوودە بانكییەكان و بنیاتنانی ئابووریەكی دیجیتاڵی گشتگیر و بەهێز دەردەخات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group