نەوا-
بەمەبەستی بەهێزكردنی پەیوەندیە بازرگانیەكان لەنێوان وڵاتی بەریتانیاو پارێزگای سلێمانی، بەڕێوبەری بازرگانی لە كونسوڵیەتی بەریتانیا لە عیراق سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی ژوری بازرگانی سلێمانی، نەوزاد غەفور سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیكردوە لە دەیمیان ئالینسن بەڕێوەبەری بازرگانی كونسوڵیەتی بەریتانیا لەعیراق.
لەكۆبونەوەیەكدا بەڕێوەبەری بازرگانی كونسوڵیەتی بەریتانیا لەعیراق رایگەیاندوە: دەیانەوێت پەیوەندی بازرگانی كۆمپانیا بەریتانیەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی پارێزگای سلێمانی بەهێزبكەن و هەوڵدەدەن كاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن هەربۆیە دەیانەوێت لەڕێگەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانییەوە ئەو كارە ئەنجام بدەن.
لەلایەن خۆشیەوە نەوزاد غەفور سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایگەیاندوە: دەرگای ژوری بازرگانی كراوەیە بۆ هەر كۆمپانیایەكی بەریتانیا كە بیەوێت لە پارێزگای سلێمانی وەبەرهێنان بكات، دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لە كەرتە جیاوازەكاندا لەبارە بۆئەوەی بتوانن هانی كۆمپانیاكانیان بدەن لەو بوارانەدا، هەمو كارئاسانیەكیش دەكەن بۆ كۆمپانیا بەریتانییەكان بۆئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەن كۆمپانیاكانی پارێزگای سلێمانی كاربكەن.