كێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ موچە چارەسەر كرا.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بڵاویكردۆتەوە، دوای سەردانی تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو بردنی لیستی موچەی مانگی كانونی یەكەم بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و دوای هەوڵە بەردەوامەكانیان لە گەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دارایی عیراق، تیمی تەكنیكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان سەركەوتوانە توانیان كێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانكراوەكانی پشكی هەرێم بۆ زیادكردنی بڕی تەرخانكراو بۆ مووچە چارەسەر بكەن.
راشیگەیاندوە، رۆژی دووشەممە 9-12 لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی بودجەی وەزارەتی دارایی عیراقەوە فەرمانی گواستنەوەكە دەرچوە، تیمەكەیان بەبەردەوامی لەسەر هێڵە بەمەبەستی بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەو گەیشتنی پارەكە بەمەبەستی چارەسەركردن و پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی بۆ موچەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عیراقەوە دروست كراوە.