ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عیراق بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، بە داهاتی ناوخۆی دوو مانگ دەتوانرێت لە هەرێمی كوردستان موچەیەك دابەشبكرێت.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عیراقی بڵاوكردۆتەوە كە داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات داهاتی ناوخۆی نانەوتی بخاتە سەر ژمارە حسابیان كە بڕەكەی زیاتر لە 905 ملیار دینارە.
نوسراوەكە كە بەروارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی 4ی ئەمساڵ لەوبارەیەوە سۆران عومەر رایگەیاندوە، هەرێم بەنوسراوی فەرمی كەناردویەتی بۆ وەزارەتی دارایی عیراق نوسیویەتی داهاتی ناوخۆی هەرێم جگە لە نەوت، لە 1-1-2024 تا 28-2 واتە دوو مانگ بریتیە لە 905 ملیارو 246 ملیۆن دینار.
ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندوە، بەپێی ئەو بڕە پارەیە مانگانە داهاتی ناوخۆی هەرێم ئەوەی كە دەمێنێتەوە پاش بردنی لەلایەن هەردو حزبی دەسەڵاتەوە 452 ملیار دینارە، واتە بەداهاتی ناوخۆی دوو مانگ دەتوانن موچەیەكی تەواوی هەرێم بدەن، بەڵام ئامادەنین یەك دیناری داهاتی ناوخۆ و نەوت بخەنە سەر موچەی خەڵك.