نەوا-
كۆمسێۆنی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، ئەمڕۆ دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان كرایەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
بۆتان شێركۆ جاف بەرپرسی هونەریی نووسینگەی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاند، هەر لایەنێكی سیاسیی تانەی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت لە ئەمڕۆوە دەتوانێت تۆماری بكات.
ئاماژەی بەوەشدا، تانەدان بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت جگە لە رۆژی هەینی كە پشووە، رۆژانی شەممە و یەكشەممە بەردەوام دەبێت.
باسی لەوەشكرد، هەر لایەنێكی سیاسیی یان بەربژێر و هاوپەیمانییەك بیەوێت تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بدات، دەبێت لە رێگەی لقەكانی كۆمیسیۆنەوە تانەكە بدات و راستەوخۆ بەرز دەكرێنەوە بۆ دەستەی دادوەری كۆمیسیۆن.
ئەمە لە كاتێكدایە، هەندێك لە لایەنەكان ئەنجامەكانی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە، هەروەها كۆمەڵی دادگەرییش رایگەیاند، بەشدار نابن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.