نەوا-
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كارنامەی كۆبونەوەی رۆژی سێشەممە 29/10ی بڵاوكردەوەو دەنگ لەسەر چەند پرۆژە یاسایەك دەدات.
بەگوێرەی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كۆبونەوەی رۆژی سێشەممە كاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەكات و تیایدا دەنگدان لەسەر چوار پرۆژە یاسا دەكرێت و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ پرۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی بیرمەندیی دەكات كە لەلایەن لیژنەی رۆشنبیری و گەشتوگوزارو شوێنەوارو راگەیاندنەوە پێشكەش كراوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، سەرەتای كۆبونەوەكە دەنگدان دەكرێت لەسەر پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خانوبەرە بۆ خاوەنەكانیان كە بەر هەندێك بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆرشی بەعسی هەڵوەشاوە كەوتون، پاشان دەنگدان لەسەر دوو مادەی پێشنیازە یاسای باری كەسیەتییش دەكرێت.
هەر لە كارنامەكەدا هاتوە كە لە كۆبونەوەكەدا دەنگدان لەسەر هەردو پرۆژە یاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی و یاسای خزمەتی خانەنشینی دەستەی حەشدی شەعبی دەكرێت.