نەوا-
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكانی عیراق وەڵامی رەخنەی پارت و لایەنە سیاسییەكان دەداتەوە سەبارەت بە زۆریی ژمارەی دەنگی پوچەڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
نەبەرد عومەر بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندوە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان زۆر سەركەوتو بو، لە كۆی شەش هەزارو 318 بنكەی دەنگدان تەنیا لە 26یان كێشەیان هەبوە، وێنەی هەمو كارتەكانی دەنگدان دەدەنەوە بە لیست و حزبەكان لەگەڵ ئەو شریتەی رۆژی دەنگدان رادەستیان كراوە بۆ بەراوردكردنیان.
ئاماژەی بەوەشدا، لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2021دا 197 هەزار دەنگی پوچەڵ هەبوەو لەوەی پەرلەمانی كوردستانیش 208 هەزار بوە، بۆیە ئەو رەخنانەی بەهۆی زۆریی ژمارەی دەنگە پوچەڵەكان دەگیرێن ئاساییە، چونكە لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی دەنگدەر زیادیكردوە.