نەوا-
لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبونەوەیەك سازكرا بۆ پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداو بەكارهێنانی نوێترین تایبەتمەندییەكان لەدوای پرۆسەی نۆژەنكردنەوەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی كردوە لەگەڵ شاندێكی كۆمپانیای دارایی نێودەوڵەتی (IFC) بۆ بەدواداچون بۆ پڕۆژەی پەرەپێدانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، لە كۆبونەوەكەدا باس لە هەنگاوەكانی دامەزراوەی پارەداركردنی نێودەوڵەتی كراوە بۆ راكێشانی وەبەرهێنەران و كۆمپانیا تایبەتمەندەكان كە ژمارەیان 14 دامەزراوە بوە.
لە كۆبونەوەكەدا سودانی دوپاتیكردۆتەوە كە حكومەت سەرەڕای هەمو ئاستەنگەكانی كە هەیەتی نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەردەوام دەكات، چونكە لێكۆڵینەوەیەكی قوڵ لەوبارەیەوە كراوەو مۆدێلی پڕۆژەكە چەندین سود دەبەخشێت كە وادەكات زۆربەی فڕۆكەخانە سەركەوتوەكانی ناوچەكە كاری لەسەر بكەن و لەڕێگەیەوە بەڕێوەببرێن، پرۆسەكانی نۆژەنكردنەوەو پەرەپێدانیش بەپێی نوێترین تایبەتمەندی و ستانداردەكان دەبێت.
ئامانجەكانی ئەو پەرەپێدانە بریتییە لە دو هێندەكردنی داهات جگە لەوەش باشتركردنی ئەو خزمەتگوزاریانەیە كە پێشكەش بە هاوڵاتیان دەكرێن.