نەوا-
لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق پێشوازیكرد لە مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئیسلامیی ئێران و وەفدی یاوەری.
بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، لە كۆبونەوەیەكدا لەتیف رەشید جەختی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات كردۆتەوەو رایگەیاندوە، ئێران دراوسێیەكی گرنگی عیراقە پێگەیەكی گەورەی ناوچەیی هەیە بۆ پشتیوانیكردنی سەقامگیریی، عیراقیش بەتەواوی و بەهێزییەوە پاڵپشتی هاریكاریەكی هاوبەش دەكات لەپێناو بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو توندڕەوی و چەسپاندنی ئاسایشی سنورەكان و كاركردن بۆ كۆتاییهێنان بە گرژییەكان لەناوچەكەدا.
ئاماژەی بەوەشكردوە، دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا یەكێكە لە ئاڵنگارییە هەرە دیارەكانی بەردەم هەردو وڵات و جیهان بەگشتی، لەم بوارەشدا كاركردنی هاوبەش بە گرنگ دەزانین بەتایبەت لە پرسی ئاودا.
سەرۆك كۆماری عیراق داوای لە هاوتا ئێرانییەكەی كردوە رێڕەوە ئاوییەكانی روبارە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات بكرێنەوەو هەموان بگەن بە لێكتێگەیشتنێك كە جێی رەزامەندی بێت سەبارەت بە دابەشكردنی ئاو.
لای خۆشیەوە پزیشكیان جەختیكردۆتەوە، كە كۆماری ئیسلامی بە پەرۆشە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ عیراق لە بوارە جیاوازەكان و هاوئاهەنگیكردن سەبارەت بە هەمو ئەو پرسانەی جێی بەرژەوەندی هاوبەشن.