وەزارەتی ئەوقاف: ئەو هاوڵاتیانەی لەكاتی حەج زەرەرمەندبون دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن

18/07/2024

نەوا-
وەزارەتی ئەوقاف بڕیارێك دەردەكات سەبارەت بەو كۆمپانیایانەی كە خەڵكیان بردوە بۆ حەج بەڤیزای ساڵیی و گەشتیاری.
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر گەشتپێكردنی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ وڵاتی سعودیە بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج لەدەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف كە بوە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبونی چەند هاوڵاتیەك، وەزارەت لیژنەیەكی پێكهێناوە بە بەشداری نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و داواكاری گشتی.
ئاماژەبەوەشكراوە، بڕیاردراوە ئەو كۆمپانیایانەی كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوەو بە ڤیزای ساڵیی و گەشتیاری و ڤیزا جۆراوجۆرەكان خەڵكیان بردوە بۆ وڵاتی سعودیە تاوەكو لێكۆڵینەوەكان كۆتایی پێدێت سڕ دەكرێن و مافی بەشداریكردنیان نییە بۆ گەشتەكانی عومرە، ئەو كۆمپانیایانەی كە كێشەیان  نییەو لە رێگای وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و بەشێوەیەكی یاسایی خەڵكیان بردوە بۆ حەج، دوای دەرچونی رێنماییەكان ئاگاداردەكرێنەوە كە بەشداردەبن لەگەشتەكانی عومرەدا.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، هەر هاوڵاتییەك سكاڵای لەسەر هەر كەس و كۆمپانیاییەك هەیە كەوا مافی زەوتكردوەو بەنایاسایی مامەڵەی لەگەڵ كراوەو زەرەرمەند بوە لەرێگەی ڤیزا جۆراوجۆرەكانەوە، تاوەكو 10 رۆژی دیكە دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن، شوێنی تۆماركردنی سكاڵاش بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەت، بەڕێوەبەرایەتی یاسایی و گرێبەستەكانە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group