لە قەزای حەویجەی 262 كەس ژەهراویبوون و سێ‌ كەس دەستگیر كران

28/09/2023 عێراق

نەوا - 
لە قەزای حەویجەی سەربە پارێزگای كەركوك 262 كەس ژەهراویبوون و فەرماندەیی پۆلیسی كەركوكیش لێكۆڵینەوەی لە روداوەكە دەستپێكردووە.
فەرماندەییەكە بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی روداوی ژەهراویبوونی هاوڵاتیان لەقەزای حەویجە تیمێك بە سەرۆكایەتی جێگری فەرماندەی هێزەكانی پۆلیسی كەركوك پێكهێنراوە بۆ بەدوادچوونی بارودۆخی تەندروستی هاوڵاتیان و دیاری كردنی ئەو كەسانەی كەمتەرخەم بوون، تاوەكو رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان بگیردرێتەبەر.
ئەوەش هاتووە، فەوجێكی تەكتیكی و هێزێكی قەزای حەویجە و تیمێكی تەندروستی نێردراون، سەرجەم ئەو كەسانەی ژەهراویبوون لە نەخۆشخانە چارەسەر كراون و بارودۆخیان باش بووە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، كە ژمارەیان 262 كەس بووە.
بەپێی زانیارییەكانی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر 3 كەس دەستگیر كراون و رەوانەی لێكۆڵینەوە كراون.
لە ئاهەنگێكی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەویجە، بەهۆی خواردنی ئاهەنگەكەوە 262 كەس ژەهرایبوون و بەپێی زانیارییەكان، هیچ كەسێك لەو هاوڵاتیان بارودۆخیان مەترسیدار نەبووە و چارەسەر كراون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group