نەوا -
نەخۆشخانەی گشتی بالیسان بڵاویكردەوە، تەرمی پێشمەرگەیەك گەیەندراوەتە نەخۆشخانەكەیان كە ئاسەواری گولـلە بە جەستەیەوە دیارە، لەلایە هێزەكانی پۆلیسیشەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە.
نەخۆشخانەی گشتی بالیسان رایگەیاندووە، كاتژمێر 7:40 خولەكی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتیەكی تەمەن 43 ساڵ گەیەندرایە نەخۆشخانەكەیان، دوای ئەنجامدانی شیكاری سەرەتایی دەركەوت ئاسەواری گولـلە بەجەستەیەوە دیارە.
هێمای بۆ ئەوەش كراوە، بۆ لێكۆڵینەوەی وردتر لە رێگەی تیمی نەخۆشخانەكەوە تەرمەكە رەوانە پزیشكی دادی لەشاری هەولێر كراوە، لەئێستاشدا پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ روداوەكە كردووەتەوە.
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، كوژراوەكە ناوی سەدرەدین محەمەدە و پێشمەرگەیە و پلەی موقەدەمی هەیە، خاوەنی 4 منداڵە، تاوەكو ئێستاش چۆنێتی و هۆكاری كوشتنی دیار نییە و هێزە ئەمنییەكانیش هیچ رونكردنەوەیەكیان لەو بارەیەوە نەداوە.