نهوا
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران دەڵێ، لە ھەرسێ مەرزی فەرمیی نێوان ھەرێم و ئێران چوارھەزار و 500 بارھەڵگری ھەرێم كار دەكەن و، كاتێك بارھەڵگری ئێرانی كەلوپەل ھاوردە دەكەن، لەسەر سنوور لێیان وەردەگرن، ئەمەش وای كردووە ئەو كەلوپەلانە بە نرخێكی گران بگاتە ھەرێم لەبەر ئەوەی دوو كرێ وەردەگرن، بۆیە ئەگەر كێشەی بارھەڵگرەكان چارە بكرێت، كەلوپەل بە نرخێكی كەمتر دێتە كوردستان.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگهیاندووه، "كێشەی بارھەڵگرانی سەرسنووری نێوان ھەرێم و ئێران بەردەوامە و تا ئێستا رێگە بە بارھەڵگرانی ئێران نادرێت بێن بۆ ھەرێمی كوردستان و لەسەر ھەر سێ خاڵی سنووریی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران و باشماخ ھەر یەكەیان ھەزار و٥٠٠ بارھەڵگری كوردی لێیە، كاتێك بارھەڵگری ئێرانی دێن بۆ ھەرێم، لەسەر سنوور بارھەڵگری كورد لێیان وەردەگرن، ئەمەش دەبێتە دوو كرێ وەرگرتن بۆ ھاوردەكردنی كەلوپەلەكان، بۆیە پێویستە ھەردوو حكوومەتی عێراق و ئێران ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، بە جۆرێك مافی ھاووڵاتیی ئێمە و ئەوانیش نەخورێت".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێم و ئێران وتیشی: "دەكرێت بە جۆرێك كەلوپەل بە یەك جۆرە بارھەڵگر تا ھەرێمی كوردستان ھاوردە بكرێت، كە نیوەی بارھەڵگری ھەرێم بن و بچنە ئێران و نیوەكەی دیكەش بارھەڵگرانی ئێرانی خۆیان تا ھەرێم كەلوپەل ھاوردە بكەن، بەم جۆرە كێشەكە چارەسەر دەبێت، ئەمەش پێویستی بە پێكھێنانی لیژنەیەك ھەیە".
ئاكرەیی باسی لهوهشكرد: "ھەوڵ دەدرێت ئەو كێشەیە بە جۆرێك چارەسەر بكرێت، كە مافی ھیچ ھاووڵاتییەك نەخورێت، چونكە تا ئێستاش ھەر بە دوو جۆرە بارھەڵگر كەلوپەل ھاوردەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت، كە بارھەڵگرانی ئێران و ھەرێمی كوردستانن".