نەوا
پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستی كە بە بەشداری پارێزگارەكان بەڕێوەچوو، بڕیاردرا لە رۆژی چوارشەممەوە لە ژێر رێكاری توندی تەندروستی سێكتەرە جیاجیاكان بكرێنەوە.
دەقی راگەیەنراوەكە
ئەمڕۆ، بە سەرپەرشتی بەڕێز وەزیری ناوخۆو بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری تەندروستی و پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگاكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی قۆناغەكانی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناو قەدەغەكردنی هاتووچۆ، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئەنجامدرا.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆو هەڵسەنگاندنی ورد لەسەر بارودۆخەكە كراو دواجار بڕیاردرا:
١- هەموو بڕگەكانی بەیانی ژمارە (٣٨)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ وەكو خۆیان جێبەجێ دەكرێن.
٢-پەیوەست بە قەدەغەی هاتووچۆ لە سەعات (٦)ی ئێوارەی سبەینێوە (٣/ ٦/ ٢٠٢٠) لەژێر ڕێكاری توندی تەندروستی و ڕێنماییە تەندروستییەكاندا سێكتەرە جیاجیاكان دەكرێنەوە.
٣-دوای تێپەڕبوونی (٧٢) سەعات بەسەر كەرەنتینەكردنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخدا، دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە دەروازەكە دەكرێتەوە.
هەروەها سوپاسێكی زۆری هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان كرا، بۆ پابەندبوونیان بە ڕێكارەكان و خۆپارێزییانەوە، داوایان لێكرا بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی، لەهەمان كاتدا هەموو فەرمانگەكانی دەوڵەت ئاگاداركرانەوە، كە پێویستە ڕێكارە تەندروستییەكان بەوردی جێبەجێ بكەن و هەر سەرپێچی و كەمتەرخەمییەك دەبێتە مایەی لێپرسینەوەی یاسایی و كارگێڕی توند.