ئەرشیفی ئەنفال لە ئەمریكاوە دەهێنرێتەوە بۆ عیراق

09/02/2020

نەوا
عەبدولئەمیر حەمدانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و ئاسەواری عێراق ئاشكرایكرد، لەگەڵ ئەمریكا رێكەوتن كراوە ساڵی 2021 ئەرشیفی جووەكان و ئەنفال لەو وڵاتەوە بە تەواوەتی دەگەڕێنرێتەوە عێراق.
عەبدولئەمیر حەمدانی بە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی وتوە "ئەو ئەرشیفەی ناوی جووی لێنراوە، عیراقییە و بۆ رەوەندی جووی موسەوی (نەوەكانی پێغەمبەر موسا) دەگەڕێتەوە، كە لە ژێر زەمینەكانی هەواڵگری رژێمی پێشودا بوە".
رونشیكردوەتەوە، ئەو ئەرشیفە بەڵگەنامە و پەڕاوی تایبەت بە دەوڵەتی تێدایە، كە تایبەتن بەسەرجەم ئەو هاووڵاتی و كەمە نەتەوانەی لەناوبران و دەركران، لەئێستاشدا ئەرشیفەكە لە ناوەندی ئەرشیفی نیشتمانییە لە واشنتۆن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەڵێننامەیەكی واژۆكردوە كە لەساڵی 2021 ئەو ئەرشیفە دەگەڕێنێتەوە.
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و ئاسەواری عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، ئەرشیفەكە دەستی بۆ نەبراوە و تەواوە، ئەوەی دەوترێت گوایە بەشێكی یان كۆپیەكی دزەی پێكراوە راست نییە، كراوە بە ئەلیكترۆنی و مادیەكەیشی داوا كراوە بۆ نمایشكردن لە ئەمریكا، كاتێك نمایشكردنی تەواو بوو بەغدا مافی ئەوەی هەیە بەتەواوەتی وەریبگرێتەوە.
تەئكیدیشی كردەوە، ئەرشیفی ئەنفال هەر لە ئەمریكا و لە ویلایەتی كارۆلینای باكورە، هەردوو ئەرشیفەكە دەگەڕێنرێنەوە و لە باڵەخانەی دادگای باڵای تاوانەكان دادەنرێن.
لەساڵی 2003و لەكاتی داگیركردنی عێراق لەلایەن تیمی "ئەلفا"ی ئەمریكی كە لە 26 سەرباز پێكهاتبون لە ژێر زەمینێكی دەزگای هەواڵگری عێراقی ئەرشیفێك كە لە 200 سنودقی پێكهاتبوو دۆزرایە كە بەشێكی ئەرشیفی جولەكەكانی عێراق بوو.


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group