نەوا-
دوای ئەوەی بزوتنەوەی حەمماس رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئازادكردنی چەند بارمتەیەكی ئیسرائیلی، هەزاران ئاوارەبوی غەزە دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان كردوە لە باكوری ناوچەكە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی ئاژانسەكان بڵاویانكردوەتەوە، خەڵك بە لێشاو لەسەر رێگای كەنار دەریا بەرەو باكوری كەرتی غەزە دەڕۆن و ئۆتۆمبێلە پڕ لە پێداویستی و كەلوپەلەكان دەستیان بە جوڵە كردوە بەدرێژایی رێگا، لەكاتێكدا ئیسرائیل دوای ماوەیەكی زۆر لە دروستكردنی بەربەست لەبەردەم هاوڵاتیانی فەڵەستیندا رێگەی كەنار دەریای بۆ ئەو كەسانە كردەوە كە بەپێ بگەڕێنەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان.
راشگەیەنراوە، ئەو رێگایانە دوای ئەوە بەڕوی هاوڵاتیانی فەڵەستیندا كرانەوە كە ئیسرائیل ئاشكرایكرد ئاربێل یەهودو دوو بارمتەی دیكە لە لایەن حەمماسەوە ئازاد دەكرێن.