نەوا-
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، پێویستە هەمو موچەخۆرێك لەكاتی خۆیدا موچە وەربگرێت، ئەوەی لە سلێمانی دەكرێت ئەگەر بەو مەرجانەی بانكی ناوەندی بێت تەوتینە ئەگەر بە مەرجەكان نەبێت تەوتین نییە.
موسەننا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەوتین بڕیاری دادگای فیدراڵییە بڕیاری دادگاكەش پابەندییە دەبێت جێبەجێ بكرێت و بەشێكە لەو گەرەنتیانەی دادگا بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم دایناوە.
وتیشی، هەژماری من دەبێت بە بەشێك لە تەوتین لەكاتێكدا ئەگەر مەرجەكانی وەزارەتی دارایی عیراق و دادگای فیدراڵی تیادا بێت، بانكی TBI یەكێكە لەو بانكانەی لە عیراق لە تەوتیندا هەیە، لە هەژماری منیشدا هەبێت دەبێت بەو مەرجانە بێت كە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عیراق دایانناوە.
موسەننا ئەمین باسی لەوەشكرد، رێگریكردن لە تەوتین دڵەڕاوكێ و گومانی زۆر دروستدەكات لەسەر ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئامانج لێی چییە؟ لەكاتێكدا هیچ دەسەڵاتێكدا لە دنیادا نییە موچەخۆرێك ناچار بكات كە لەو بانكە موچە وەربگرێت و لەوی دیكە وەرینەگرێت، بۆیە ئەو پرۆسەیە پێویستە رێزی لێبگیرێت تا موچەی موچەخۆران زامن بكرێت.