نەوا-
رۆژنامەیەكی توركی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە و ئاشكرای كردوە، كە بەم نزیكانە هێرشەكانی ئیسرائیل دەگاتە عێراق.
ڕۆژنامەی( توركیا تودەی) رایگەیاندوە، كە "عێراق ئێستا كاریگەری نەرێنی لەسەرە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل لە ناوچەكەدا، بەو پێیەی بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار و دابەزینی بەهای دیناری عیراق، ئەمە جگە لەوەی كاریگەری لەسەر بەشێك لە مامەڵەی بازرگانی عێراق لەگەڵ دەرەوە هەبووە".
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە، بە پێی ڕاپرسییەك كە لە عێراق ئەنجام دراوە "چاوەڕوانییەكانی عێراقییەكان لە هاتنی هێرشی ئیسرائیل بۆ ئەو وڵاتە پشتڕاستكردۆتەوە"، رونیشكراوەتەوە، كە ئیسرائیل پێشوەختە پلانی هەیە بۆ فراوانكردنی ململانێكان لە ناوچەكەدا، كە ڕەنگە بتوانێت بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی عێراق بەدەستی بهێنێت.
لە كۆتاییدا جەخت لەوەكراوەتەوە، كە ئەو ڕاپرسییەی ئەنجامی دراوە خواستی عێراقییەكانی بۆ (بزووتنەوەی یەكگرتووی عەرەبی) پشتڕاست كردووەتەوە كە ڕێگری لە فراوانبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بكات و شەڕی ئێستای دژی لوبنان و غەززە ڕابگرێت، ڕوونیشیكردووەتەوە كە نەبوونی ئەو جۆرە ڕێگرییە دەبێتە هۆی ڕاكێشانی ناوچەكە بۆ ناو ململانێ و دەستێوەردانی زیاتر و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی دیناری عێراقی.