سودانی: كاردەكەین بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لەعیراق

10/12/2023 عێراق

نەوا-
بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، دوەمین كۆنفرانسی پلانی نیشتمانی بۆ مافەكانی مرۆڤ دەستیپێكرد كە هاوكاتە لەگەڵ 75 هەمین ساڵیادی جاڕنامەی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، سودانی لە وتاری دەستپێكدا باسی رۆژی سەركەوتنی بەسەر داعشدا كردوەو پاشان ئاماژەی بە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق داوەو رایگەیاندوە، بەرپرسیارێتی حكومەت سەبارەت بە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤ درێژكرایەوە بۆ مافی ژیانێكی شیاو، مافەكانی دەرچون لە هەژاری و پەروەردەو تەندروستی و خزمەتگوزاری، پێویستە دەوڵەت بەدوای هەلی كاردا بگەڕێت لەبازاڕی ئازادو بەرهەمهێنەردا، هەروەها مافی پاراستنی سامانی گشتی و راونانی گەندەڵكارانی لەسەرە لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان بەشكۆمەندی وسەلامەتی.
سودانی وتوشیەتی: داوامان لە دادگا كردوە رێكاری یاسایی بگرێتەبەر بەرامبەر هەر كەسێك كردەوەی نامرۆڤانەو پێشێلكاری ئەنجامدابێت، هەروەها حكومەت كاریكردوە لەسەر پەسەندكردنی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لەعیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group