"ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەکرێتەوە"

29/08/2020

نه‌وا
بڕیارە ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە شاری زاخۆ دروست بکرێت و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت، بە دروستکردنی ناوچەی ئازاد کاریگەریی لەسەر بزاوتی بازرگانی دەبێت و خەڵکێکی زۆریش سوودمەند دەبن لە ڕەخساندنی ھەلیکار.
گۆلیزار سندی پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبه‌كه‌ی ڕاگەیاند: "تیمێک لە پەرلەمانتارانی پارتی بەدوداچوونیان بۆ کێشەی شۆفێرانی زاخۆ کردووە لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل و داوامان کردووە بۆ کردنەوەی گۆڕەپانێکی بازرگانی کە تێیدا زیاتر لە پێنج ھەزار کەس سوودمەند دەبن."
ئەندامەکەی فڕاکسیۆنی پارتی دەڵێت: "بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیل پێی ڕاگەیاندین بڕیارە ناوچەیەکی بازرگانیی ئازاد لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە سنووری قەزای زاخۆ بکرێتەوە، کە تێیدا خەڵکێکی زۆری ھەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن و کاریگەریی لەسەر بزاوتی بازرگانیی نێوان ھەرێم و تورکیاش دەبێت."
گۆلیزار سندی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کردنەوەی ناوچەی ئازاد بابەتێکی سیادییە، بەڵام ھەردوو حکوومەتی عیراق و تورکیا ڕەزامەندییان نیشان داوە بۆ کردنەوەی ناوچەی ئازاد لە زاخۆ و بڕیارە جێبەجێ بکرێت، بەڵام کاتی کردنەوەی ناوچەکە دیار نییە، لەبەر ئەوەش داوامان کردووە پەلە بکرێت لە کردنەوەی ناوچەی ئازاد، یانیش تا ئەو جێبەجێ دەکرێت گۆڕەپانێک بکرێتەوە."

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group