وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، رۆژی هەینی ساڵڕۆژی شەهیدانی یەكی شوبات بەرێوە دەچێت و نوێنەری وڵاتان و حزب و لایەنە سیاسییەكان تاجە گوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان دادەنێن.
فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، " یادی شەهیدانی ڕۆژی یەكی شوبات دەكرێتەوە و نوێنەری وڵاتان و حزب و لایەنە سیاسییەكان تاجە گوڵینە لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پاڕكی شەهید سامی عەبدولڕەحمان دادەنێنن.
وتیشی، "لەگەڵ بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمەكە لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەكێتی بەیاننامەیەك لەسەر كردە تیرۆریستییەكە بڵاو دەكرێتەوە.
لەساڵی 2004 و لە ڕۆژی یەكی شوبات، دوو تەقینەوەی گەورە لە یەك كاتدا لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی لە هەولێر كردە ئامانج و زیاتر لە 100 كەس لە بەرپرسانی باڵای پارتی و یەكێتی و هاووڵاتییان بوونە قوربانی.