نەوا-
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت، بەهۆی كێشەی بودجەوە پێشنیازی بۆ لایەنە ئەمنییەكان كردووە، گەڕاندنەوەی كەسوكاری چەكدارانی پێشووی داعش لە كەمپی هۆل لە رۆژئاوای كوردستانە بۆ كەمپی جەدعە لە نەینەوا رابگرن.
عەلی جەهانگیر گوتەبێژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو پێشنیازەیان دوای گەڕاندنەوەی كاروانی ژمارە 21ی كەسوكاری چەكدارانی پێشووی داعش ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندارەكان كردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، هۆكاری ئەو داواكارییەیان نەبوونی بودجەی پێویستە بۆ پرۆسەی شیاندنەوەكە لە كەمپی جەدعە، هەروەها بودجەی پێویست لەبەردەست وەزارەتەكەی نییە و ئەو رێكخراوانەش كە لە جەدعە پڕۆژەیان هەبوو، بەهۆی راگرتنی هاوكارییەكانی ئەمریكاوە چالاكییەكانیان كێشەی تێكەوتووە.
باسی لەوەشكردوە، پێشنیازەكەیان بۆ راگرتنی گەڕاندنەوەی كەسوكاری چەكدارانی داعش بۆ ماوەیەكە تاوەكو چارەسەرێك بۆ كێشەی بودجە دەدۆزنەوە و یەكێك لە رێگەچارەكانیش ئەوەیە حكومەت گواستنەوەی پارە بكات لە كەرتێكی دیكەوە بۆ سەر بودجەی وەزارەتەكەی.
ئێستا زیاتر لە 15 هەزار كەسی عێراقی لە كەسوكاری چەكدارانی پێشووی داعش لە كەمپی هۆلن و 3500 كەسی دیكەیان كە گەڕاونەتەوە، لە كەمپی جەدعەن بۆ ئەوەی شیاندنەوەیان بۆ بكرێت.