نەوا-
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ناوەڕۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، وەزارەتەكان راسپێردراون لیستی موچەی مانگی ئازار ئامادەبكەن.
مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، سەرپەرشتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردوە وەزارەتی دارایی راسپاردوە بۆ ئامادەكردنی خشتەی دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆران، هەروەها سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەكانیش راسپێردراون هەرچی زوە لیستی موچەی مانگی ئازار ئامادە بكەن بۆئەوەی بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بنێردرێت بۆ خەرجكردنی موچەی مانگی ئازار پێش پشوەكانی جەژنی رەمەزان.
مەسرور بارزانی بڵاویشیكردوەتەوە، بۆ هەرچی زو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و كاركردنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراقی فیدڕاڵ جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی حكومەتی هەرێم كراوەتەوە بۆ جێبەجێكردنی هەمواری یاسای بودجە بە ئاڕاستەی هەناردەكردنەوەو فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە.
ئاماژەشیكردوە، دوو پێشنیاریان سەبارەت بە لێخۆشبون لەپێشینەی هاوسەرگیریی خاوەن پێداویستی تایبەت كە پێش ساڵی 2013 ئەو پێشینەیەیان وەرگرتوە، هەروەها لێخۆشبون لەقیستەكانی ماوە بۆ سودمەندانی قەرزی بچوك لەساڵانی پێشو كە بۆ پڕۆژەی مامناوەند وەریانگرتبو بەڵام سودمەندان كۆچی دواییان كردوە، بەكۆی دەنگ پەسەند كران.