ساڵی رابردو لیژنە هاوبەشەكانی سلێمانی زیاتر لە 6 هەزار پسوڵەی سەرپێچیان كردوە

24 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی ئاماری كارو چالاكی ساڵانەی لیژنە هاوبەشەكانی بۆ ساڵی رابردو بڵاوكردەوە.  
بەگوێرەی ئامارەكە لە 1-1 تا 31-12-2024 ئەندامانی لیژنە هاوبەشەكان 84 هەزار و 694 سەردانیان بۆ دوكان و بازاڕو شوێنە گشتییەكان ئەنجامداوەو پشكنینیان بۆ ئەو كاڵاو شمەك و خواردەمەنیانە كردوە كە لەلایەن دوكاندارو بازرگانەكانەوە بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت‌.
راشگەیەنراوە، لەكۆی ژمارەی سەردانەكان شەش هەزارو 488 پسوڵەی سەرپێچییان تۆماركردوە كە بەراورد بە ساڵی رابردو ژمارەی سەرپێچییەكان زۆر كەمیكردوە.
باس لەوەشكراوە كە بەهۆی پابەندنەبون بەمەرج و رێنماییەكانی كاركردن و سەرپێچیكردن لە مەرجەكانی تەندروستی و رێكارەكانی دیكەی كاركردن 264 شوێن داخراون و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی رێكاری یاسایی كراونەتەوە، هەروەها دەستبەسەر 477 تۆن و 33 كیلۆگرام كاڵاوشمەكی خراپبودا گرتوەو بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی  لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون لەناوبراون.
لەئامارەكەدا ئەوەشخراوەتەڕو، بڕی ئەو غرامەیەی لەئەنجامی پابەندنەبون بەمەرجەكانی كاركردن بەسەر خاوەن شوێنەكاندا سەپێنراوە 618 ملیۆن و 175 هەزار دینارەو بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی بەشێكە لە داهاتی ناوخۆ و دەخرێتەوە سەر بودجەی گشتی.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group