نەوا-
دوای ئاگاداركردنەوەی دەزگای گشتی كاروباری مین لە هەبونی چەند مین و پاشماوەیەكی جەنگی لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە تیمێك بەمەبەستی پوچەڵكردنەوەیان گەیشتە شوێنەكە.
دەزگای گشتی كاروباری مین رایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی لەلایەن ئاسایشی ناحیەی سیروانی سەربە پارێزگای هەڵەبجەوە پەیوەندی بە دەزگای گشتی كاروباری مینەوە كراو ئاگاداریان كردنەوە لە هەبونی چەند مین و پاشماوەیەكی جەنگیی كە ژمارەیان 64 پارچە بو لەناو بارەگاكەیاندا، تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی سلێمانی راسپێردران تاكو سەردانی شوێنەكە بكەن.
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای چونی تیمی ئاماژەپێدراو بۆ شوێنەكەو بە ئامادەبونی دڵنیایی جۆری دەرەكی، مین و پاشماوە جەنگییەكان بەڕێگەی تەقینەوەیەكی ناكارەبایی لەناوبران كە ئەوانیش بریتیبون لە یەك گولە هاوەنی 100 ملم، 8 گولە هاوەنی82 ملم، 48 گولە هاوەنی 60ملم و 6 دانە فیوزی پی دی لەگەڵ یەك مین لەجۆری VS50.