نەوا-
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت، لەدوای راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەولێرو دیمەشق هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆئەوەی دوبارە دەستپێبكاتەوە.
ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، دوای ئەو بارودۆخەی لە سوریا دروستبوە گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان هەولێرو دیمەشق راگیراون، تاوەكو ئێستاش دەستپێنەكراونەتەوەو هیچ وادەیەكیش نیە بۆئەوەی گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و سوریا بكرێتەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، بۆئەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان هەولێرو دیمەشق دەستپێبكاتەوە پێویستە بەفەرمی ئاگادار بكرێنەوە، بەڵام هیچیان بەدەستنەگەیشتوە.
ئەم رونكردنەوەیە لەكاتێكدایە كە دوای ئاڵۆزییەكانی وڵاتی سوریا، گەشتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتە راگیران و دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە كە گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان هەولێر و دیمەشق دەستپێدەكەنەوە.