نەوا-
دوای زیاتر لە پێنج ساڵ لە سەرهەڵدانی پەتای Covid-19 كە بوە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 14 ملیۆن كەس و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئابوری جیهانی هەبوو، رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی پرسیار لەبارەی ئامادەیی جیهان بۆ روبەڕوبونەوەی پەتایەكی نوێ دەوروژێنێت.
رۆژنامەكە ئاماژە بەوە دەكات، شارەزایان هاوڕان لەسەرئەوەی كە پەتای داهاتو حەتمییە، بەڵام كات و شوێنەكەی پێشبینی ناكرێت، مەترسییە تەندروستییە نوێیەكان زۆرجار سەریان هەڵداوە وەك بڵاوبونەوەی مەلاریا لە ئەفریقاو هەندێكی دیكەی وەك ئەنفلۆنزای باڵندە كە جێگەی نیگەرانی جیهانین
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، جیهان وانەی گرنگی لە پەتای كۆڤید-19 فێربوە، لەوانە گرنگی باشتركردنی ژێرخانی تەندروستی و فراوانكردنی تواناكانی رێكخستنی جینۆم، بەڵام زۆرێك لە بەرپرسان هاوڕان لەسەرئەوەی كە جیهان ئامادەكارییەكی گونجاوی بۆ روبەڕوبونەوەی پەتای داهاتو نییە، بەو پێیەی گرنگیدان بە وەبەرهێنان لە كەرتی تەندروستیدا كەمیكردوە دوای كۆتاییهاتنی پەتای كۆڤید-19 كە هەڕەشەی دروستكردنی سوڕێكی نوێی پشتگوێخستن دەكات.
شارەزایان جەختدەكەنەوە كە چارەسەرەكە لە بەهێزكردنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان و وەبەرهێنانی جددییە لە بواری تەندروستی گشتیدا، بۆ دڵنیابون لە توانای باشتر مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشەكانی پەتاكانی داهاتو، بەڵام گفتوگۆكان لەسەر رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان تائێستا نەیانتوانیوە ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەستبهێنن، ئەمەش رەنگدانەوەی دوبەرەكی نێوان وڵاتان لەسەر بابەتەكانی وەك دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرو ڤاكسینەكانە لەبەر رۆشنایی ئەم هەڕەشانە كە دیارترین پرسیار هەر ماوەتەوە، ئایا جیهان دەتوانێت خۆی لە سیناریۆی نەرێنی بەدور بگرێت و بەڕاستی ئامادەبێت بۆ بەرەنگاربونەوەی پەتای داهاتو؟