سودانی لە تاران: سەقامگیری سوریا كلیلی سەقامگیری تەواوی ناوچەكەیە

18 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران كۆبونەوەو دوای كۆبونەوەكە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشیان ئەنجامدا.  
لە پرێس كۆنفرانسەكەدا محەمەد شیاع سودانی داوای ئەنجامدانی وتوێژێكی گشتگیرو پەیڕەوكردنی زمانی دیالۆگی كرد وەك باشترین رێگە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان وڵاتان، جەختیكردەوە كە عیراق پەرۆشە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان بەشێوەیەك بەرژەوەندیی هەموان بەدیبهێنێت.
لەبەشێكی تردا سودانی وتی: پێویستە رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و پەیماننامەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان  بگیرێت و متمانەی نێوان وڵاتانی ناوچەكە بەهێز بێت بە جۆرێك كە ئاسایش و ئاشتی بۆ هەموان دەستەبەر بكات، عیراقیش هەوڵدەدات كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لەمبوارەدا لە بەغدا ئەنجام بدات.
لەبارەی سوریاشەوە سودانی رایگەیاند، سەقامگیری سوریا كلیلی سەقامگیری تەواوی ناوچەكەیە داوای چارەسەرێكی سیاسی گشتگیر دەكەن كە سەربەخۆیی و سەروەری سوریا بپارێزێت و دەستێوەردانی دەرەكی سنوردار بكات، هەروەها رێز لەخواستی گەلی سوریا دەگرن و پشتگیری لەهەر سیستمێكی سیاسی و دەستوری دەكەن كە سورییەكان هەڵیبژێرن بەبێ دەستێوەردانی دەرەكی. 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group