نەوا-
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی نوێ لە بیابانەكانی سەماوە كاروانی خوێنڕشتن بێسەروشوێنبونمان بەبیر دەهێنێتەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەدوای هەڵدانەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵ كە سەرجەمیان كوردن لە بیابانەكانی سەماوە لە پەیامێكدا رایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبونی ساڵانێك بەسەر نەمانی دڕندەیی بەعس و ستەمكاری لەسەر سینەی عیراقیەكان، بەڵام بەڵگەكانی تاوانە دڕندەكانی رژێمی پێشو رۆژ لە دوای رۆژ ئاشكرا دەبن و قەبارەی ئەو دڕندەییە دەگێڕنەوە كە گەلەكەمان لە ژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆریدا بەسەریدا هاتوە.
سودانی راشیگەیاندوە، دۆزینەوەی گۆڕێكی بەكۆمەڵی نوێ كە پاشماوەی بێگەردی تەرمی منداڵان و ژنانی گەلی كوردمان لەخۆدەگرێت لە بیابانەكانی سەماوە كاروانی خوێنڕشتن و خەبات و نەهامەتی و بێسەروشوێنبونمان بەبیر دەهێنێتەوە كە تێیدا گەلەكەمان لە ژێر دڕندەیی رژێمی رەگەزپەرستدا ئازارو مەینەتی دەچێشت.
سودانی لە كۆتاییدا رایگەیاندوە، درود بۆ گیانی پاكی شەهیدانی عیراق و شەهیدانی ستەم و قوربانیانی دڕندەیی دیكتاتۆری قێزەون.