نەوا-
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی لە بارەی درێژكردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆوە باس دەكرێن ڕاست نین و بڕیارەكە تەنها بۆ دوو ڕۆژ بووە.
میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، قەدەغەی هاتوچۆ تەنها بۆ دو ڕۆژ دانرابو، ئەویش بۆ رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە و لەوە زیاتر درێژ ناكرێتەوە.
باسی لەوەشكرد، ئەو هەواڵەی لە سۆشیال میدیا بڵاودەكرێتەوە سەبارەت بە نیازی درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بێ بنەمایە و ڕاست نیە.
ئەوە لەكاتێكدایە، لە دوێنێ چوارشەممەوە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە سەرتاسەری عێراق دەستیپێكرد و بۆ ئەو مەبەستەش بۆ ماوەی دو ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا و بڕیارە ئەمرۆش بەردەوام بێت.