سەرۆكی بەرەی توركمانی داوا دەكات راگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێریی دوابخرێت

3 رۆژ پێش ئێستا عێراق

نەوا-
حەسەن توران سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراق رایگەیاند، مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای شارەكە بەر لە سەرژمێریی گشتی 260 هەزار كەس لە دەرەوە براونەتە كەركوك.
حەسەن توران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندوە، بینیویانە كە بەر لەئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە شارەكانی هەولێرو سلێمانییەوە ژمارەیەكی زۆر خێزان براونەتە كەركوك، توركمانەكان پشتیوانی لە ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە سەرانسەری عیراقدا دەكەن، دیموگرافیای كەركوك لە دوای 2003وە گۆڕانكاری بەسەردا هات، بەر لە سەرژمێریی 260 هەزار كەس لە دەرەوەی شارەكە براونەتە كەركوك و لەسەر نفوسی كەركوك تۆمار كراون.
سەرۆكی بەرەی توركمانی وتوشیەتی، هەوڵێكی جدی هەیە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای كەركوك و تێكدانی شوناسی توركمانی شارەكە، بۆیە داوا دەكەن راگەیاندنی ئەنجامەكانی سەرژمێریی گشتی كەركوك تا وردبینی لەسەر بنەمای سەرژمێرییەكەی ساڵی 1957 دوابخرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group