وەزارەتی دارایی: بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول كورتهێنانمان هەیە

08/10/2024

نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول كورتهێنان هەیە.
دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عیراق بڕە پارەیەكی بۆ هەرێمی كوردستان نارد، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، دوای سەردانی شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی لەدو هەفتەی رابردودا بۆ شاری بەغداو كۆبونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دارایی عیراق، بەشی زۆری كێشە تەكنیكییەكانی لیستی موچە چارەسەر كراو بڕیاردرا بەخەرجكردنی هەمو ئەو لێبڕینانەی لە لیستی موچەی مانگەكانی رابردو راگیرابون.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندوە، رۆژی دوشەممە 329 ملیارو 392 ملیۆن دینار وەك شایستەی موچەی مانگی ئەیلولی هێزە ئەمنییەكان تەمویل كراوەو كۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی ئێستا لەبەردەست وەزارەتی داراییدایە بۆ موچەی مانگی ئەیلول 690 ملیارو 392 ملیۆن دینارە بەوەش 305 ملیار دینار كورتهێنان بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی ئەیلول هەیە.
راشیگەیاندوە، لەسەر بنەمای بەڵێن و لێكتێگەیشتنەكان بڕیارە لەم چەند رۆژەدا سەرجەم لێبڕینەكان خەرج بكرێت تا كورتهێنانی موچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕبكرێتەوە.
 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group