حكومەتی هەرێم 50 ترلیۆن دینار قەرزارە

25/09/2023

نەوا - 
ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان 50 ترلیۆن دینار قەرزارە و ئەوەش بودجەی 3 ساڵی هەرێمە.
ئەحمەد حاجی رەشید بە دەنگی ئەمریكای وتووە، بە پێی قسەكانی وەزیری دارایی عیراق هەرێم زیاد لە پشكی خۆی 5 ترلیۆن و 200 ملیاری وەرگرتووە، دوای سەردانی وەفدی هەرێم سودانی رەزامەندی داوە بۆ ماوەی سێ مانگ 2 ترلیۆن و 100 ملیارمان بدەنێ لە رێگەی بانكەكانی TBI و رەشیدەوە، هەروەها بانكی TBI پێنج جار 400 ملیار دیناری بە قەرز داوە بە هەرێم كە دەكاتە 2 ترلیۆن دینار.
رونیشیكردووەتەوە، پێشتریش سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە دانیشتێكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2021 رایگەیاندبوو كە هەرێم 31 ملیار دۆلار قەرزدارە، بە پێی قسەی ئەم كابینەیەش بێت حكومەت 2 ملیار دۆلاری داوەتەوە، بەڵام هێشتا 29 ملیار دۆلارەكەی تر ماوە كە دەكاتە نزیكەی 43 ترلیۆن و 500 ملیار دینار، بە نرخی ئێستای دۆلار.
بەپێی وتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو، ئەو قەرزەی دراوە بە هەرێم سودی دەچێتە سەر و پێشتریش ئەو بانكانە بە سودی 4% قەرزیان بە حكومەتی عیراق داوە، قەرزەكانی حكومەتی هەرێم پێكهاتوون لە "پشكی كۆمپانیاكان، پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران و ئەو قەرزەی وەریگرتووە"، دۆخەكە لەسەر حكومەتی هەرێم مەترسیدارە بەڵام ئەگەر حكومەتی عیراق داوای قەرزەكانی بكاتەوە پێدەچێت بە شێوەی قیست و مانگانە بێت نەك هەموو پشكی هەرێم لە بودجە ببڕێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group