نەوا-
بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم لەساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا نیگەرانی لێكەوتەوەو پەرلەمانتارێكی عیراق دەڵێت، جێگای نیگەرانیانە حكومەتی هەرێم رۆژێك بۆ هەڵەبجەییەكان بە رەوا نابینێت.
چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بە سایتی فەرمی یەكێتی راگەیاندوە: وەك نوێنەری هەڵەبجەییەكان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نیگەرانن لەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم كەرۆژی كیمیابارانی هەڵەبجەی وەك پشوی رەسمی رەتكردەوە، لەكاتێكدا لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق پشووی رەسمییە.
وتوشیەتی: چاوەڕوان بون سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت لەم ساڵیادەدا بە خزمەتگوزاری و پرۆژەو هاوكاریكردنی كەسوكاری شەهیدان لەگەڵیان ئەم یادە تاڵە بكەنەوە، بەڵام دیارە پێیان رەوا نیە رۆژێك كە پێنج هەزار كەس تێیدا شەهید بوە وەك پرسێكی نیشتمانی ساڵیادەكەی بكاتە پشوی رەسمی.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكردوە، هەروەك چاوەڕوانیش بون سەرۆك وەزیران لەگەڵ خۆیدا سەرجەم وەزیرەكان راسپێرێت كە لەم رۆژەدا لە هەڵەبجەبن و بەشداری ئەو ماتەمینییە بكەن، بەڵام جێی نیگەرانیە ئەگەر ئەو پشوە لەلایەن هەر لایەنێكیشەوە هەوڵی بۆ درابێت نەدەبو وەك پرسێكی حزبی لێی بڕوانرێت.
دوای ئەوەی پەرلەمان و حكومەتی عیراق بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە پشوی فەرمی راگەیاندوە، بەڵام فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە كە گۆڕانكاری بەسەر خشتەی پشوە فەرمییەكانیاندا نەهاتوە بەو پێیەش ئەو پشوە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.