نەوا-
بەڕێوەبەری تەندروستی دەشتی هەولێر دەڵێت، پڕۆژەی بیمەی فریاگوزاری باشترین چارەسەرە بۆ كەرتی ئێستای تەندروستی.
هیوا كەریم ئاڵەیی بەڕێوەبەری تەندروستی دەشتی هەولێر لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، بۆئەوەی هاوسەنگی دروستبكرێت لەنێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، كەرتی تەندروستی پێویستی بە رێكخستنەوە هەیە بەتایبەتی گرنگە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان سودمەندی یەكەمبن، پێشنیازی پڕۆژەیەكی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە ئەویش جێبەجێكردنی پڕۆژەی بیمەی فریاگوزارییە، چونكە بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستان جێبەجێكردنی پڕۆژەی بیمەی تەندروستی كارێكی قورسەو ژێرخانی ئامادەكراو نیە بۆ بیمەی تەندروستی لەوانەش نەبونی سیستمێكی پێشكەوتوی بانكی.
بەڕێوەبەری تەندروستی دەشتی هەولێر وتوشیەتی، دەتوانن ناوی پڕۆژەكە بكەنە قەرزی فریاگوزاری یان بیمەی فریاگوزاریی بۆ قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستانیش گونجاوە و هاوڵاتیان سودمەندی یەكەم دەبن لەو پڕۆژەیە، پڕۆژەكەش ئەوەیە هەمو ئەو بانكانەی بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من لەگەڵ نەخۆشخانەكانی كەرتی ئەهلی بخرێنە ناو پڕۆژەی بیمەی فریاگوزاری، لەكاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ئەگەر نەخۆش لەڕوی مادیەوە توانای دابینكردنی تێچوی نەخۆشخانەی نەبو ئەوە مانگانە رێژەیەك لە موچەكەی بگێڕدرێتەوە.