نەوا-
گۆڕانكارییەكانی ئاوهەوا بە گەورەترین كێشەو گرفت دەژمێردرێت كە روبەڕوی مرۆڤایەتی بوەتەوە و ڕۆژانە لێكەوتەكانی بەدیار دەكەوێت وەك گەرمبوونی گۆی زەوی، ئاگری دارستانەكان، توانەوەی بەستەڵەكەكان، بەبیابانبوون و وشكەساڵی توند، كەمی ئاو و پیسبوونی ژینگە، تا ئێستا چەندجارێك كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی لەمبارەیەوە ئەنجامدراوە و وڵاتان پلانی كەمكردنەوەی كاریگەرییەكان دادەڕێژن.
عێراق یەكێك لەو پێنج وڵاتانەیە كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانی ئاو و هەوای لەسەرە و لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن هەوا و ژینگەیەكی پیسە و ڕۆژانە بڕیار و ڕێنماییەكان بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە دەردەچن، بەپێی ڕاپۆڕتە نێودەوڵەتییەكانیش هەولێر بە ١١هەمین شار هەژمار دەكرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕووی پیسی هەواوە و پسپۆڕانی بواری وزەی نوێبووەوەش ئاماژە بەهۆكارەكان دەكەن و هۆشداریش دەدەن كە ئەگەر حكوومەت زوو بەرەنگاری هۆكارەكان نەبێتەوە ئەوا لە داهاتوودا كارەساتی لێدەكەوێتەوە و گوتەبێژی دەستەی چاككردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمیش جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ نەهێشتنی هۆكارەكانی پیسبوونی هەوا.
شارەزا لە بواری وزەی نوێبووەوە و مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، دكتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد لەبارەی پسیبوونی هەواوە وتی: "بەپێی ئەو توێژینەوانەی كە لە زانكۆكان كراوە ئەوا هەواكەمان پیسە و ئەو ماددە زیانبەخشانەی كە لە هەوای هەرێمی كوردستان و بە تایبەت هەولێر هەیە، ئاماژەی مەترسیدارن و داهاتوویەكی خراپتر چاوەڕێمان دەكات ئەگەر كاری لەسەر نەكرێت و هەوڵی كەمكردنەەوەی نەدرێت".
دكتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتیشی: "سەرچاوەكان بەكارهێنانی سووتەمەنییەكانن ئەوانەی كاربۆن و دووەم ئۆكیسدی كاربۆن لە هەوادا بڵاودەكەنەوە لەگەڵ كۆمەڵێك مەوادی دیكەی كیمایی ئەوانە ئاماژەن كە لە ژینگەیەكی خراپداین و كەشوهەواكەمان خراپ بووە و ئەگەر لێیگەڕێن كارەسات و مەترسی گەورەتر لە پێشماندایە، چونكە ئەو ستانداردەی كە بۆ پێوانەی هەوای پاك دیارییكراوە، هەوای هەرێمی كوردستان زۆر لەو پلەیە تێپەڕیووە و ئاستەكەی چەند هێندەی ڕێپێدراوەكانە كە لە ستانداردە جیهانییەكاندا هەیە، بێگومان ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر داهاتووی هەرێم".
لەبارەی هۆكاری سەرەكی پیسبونی ژینگە لە هەرێم، دكتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد وتی: "هۆكاری سەرەكی بەكارهێنانی زۆری سووتەمەنییە و ژمارەی ئۆتۆمبێل و مۆلیدەمان زۆرە جگە لە كارگەكان كە زۆربەی ڕێكارە زانستیی و پابەندییەكانییان نیە بۆ بەكارهێنانی فلتەر وسووتەمەنی پاك، ئەوانە وایكردووە كە بە خێرایی هەواكەمان لە هەموو بابەتەكانی وەك زەوی و ئاو زیاتر پیس ببێت، ئەمە كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی مرۆڤ و زیندەوەرەكان هەیە، ئەمە وا دەكات ڕەنگە ببێتە هۆی نەخۆشی و ڕێژەی نەخۆشییە نوێیەكان زیاد بكات، هەروەها منداڵی كەمئەندام و ئەوانەی كێشە لە مێشكیان هەیە بەردەوام لە زیادبوونە و ئەمە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی پیسبوونی ژینگە".
ئەو شارەزایەی بواری وزەی نوێبووەوە بە پێویستی دەزانێت حكوومەت پاڵپشتی ئەو پڕۆژانە بكات كە دۆستی ژینگەن، هەروەها ئاماژە بە هەوای ئەو گەڕەكانە دەكات كە پڕۆژەی ڕووناكی تێیدا چووەتە واری جێبەجێكردنەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەركی سەرەكی چاككردنی ئەم ژینگەیە لەسەر شانی حكوومەتە و پێویستە ڕێكاری توندتر بگرێتەبەر و پشتگیریی و پاڵپشتی دارایی بكات بۆ ئەو پڕۆژانەی كە دۆستی ژینگەن، چونكە وزەی نوێبووەوە هەم دۆستی ژینگەیە و هەم وا دەكات سووتەمەنی كەمتر بەكاربهێنی و ژینگەكە زۆر بە خێرایی كاردانەوەی باشی دەبێت، ئێستا ئاماژەی سادە پەیدابوونە لەو گەڕەكانەی كە پڕۆژەی ڕووناكیان تێدا جێبەجێكراوە و كارەبای ٢٤ كاتژمێرییان هەیە، بەهۆی ئەوەی مۆلیدەكان لەو گەڕەكانە كارناكەن، دەبینین هەواكەیان جیاوازی هەیە بەراورد بەو شوێنانەی كە مۆلیدە و كارگەی دیكەی لێیە".
لەبارەی پاڵاگەكان و كاریگەرییان لەسەر پیسبوونی هەوا، دكتۆر دلێر گوتی: "ناتوانین بڵێین سەرجەم پاڵاوگەكان، بەڵام ئەوانەی پابەندنین بە ڕێنماییەكان بە تایبەت ئەوانەی فلتەر بەكارناهێنن و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی كار دەكەن، ئەوان هۆكاری سەرەكی پیسبوونی هەوا و ژینگەن، وەك دەبیستین كە ژمارەیەكی زۆر پاڵاوگەمان هەیە و نزیكن لە شوێنی نیشتەجێبوون ئەمە لە كاتێكدایە كە بەهۆی دەردانی گاز و پاشماوەی پیس نابێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانەوە نزیك بن، زۆرجار دەبینین كە دووكەڵی ئەو شوێنانە دەگاتە ناو ماڵەكانمان".
بۆ چارەسەری پاكڕاگرتنی هەوا و ڕووبەڕووبوونەوەی لێكەوتەكان، دكتۆر دلێر عەبدوڵڵا ئەحمەد گوتی: "بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە وا باشترە وزەی نوێبووەوە بەكاربهێنرێت، ناوچەكەشمان كاتەكانی ڕۆناكی زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا شێوازی ماڵەكانمان باشە و سەربانەكانمان شوێنی دانانی تەختەكانی لێ دەبێتەوە، هەروەها پێویستە پڕۆژە حكوومییەكان پاڵپشتی بكرێن، دەكرێت لە فەرمانگەكانی حكوومەت تەنیا تەختەی لێ دابنرێت بەبێ پاتری چونكە فەرمانگە حكوومییەكان زۆربەیان تەنیا لە ڕۆژدا كراوەیە و دەتوانرێت لە ڕێگای تەختەكانەوە بە درێژایی ڕۆژ كارەبا بداتە ئەم شوێنە".
هاوكات پسپۆڕێكی بواری وزە پێی وایە كە سەرەڕای گۆڕانی ئاو و هەوا كە كاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە هەیە، هاوكات بوونی ژمارەیەكی زۆر لە پاڵاوگە، ئۆتۆمبێل و كارگەكان هۆكارێكن بۆ پیسبوونی ژینگە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەپێی توێژینەوەكان شاری هەولێر ١١هەمین پیسترین شارە لە ڕووی كوالێتیی هەواوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پسپۆڕی بواری وزە و مامۆستا زانكۆ ڕێبین سەمەد لەبارەی گۆڕانی ئاو و هەوا، كاریگەری لەسەر ژینگەی عێراق و هەرێم رایگەیاندوە: "لە سەدەی بیستەمەوە تێكچوونی گۆڕانكارییە ژینگەییەكان دەستی پێكرد بەهۆی پێشكەوتن و گەشەكردنی پیشەسازی لە جیهاندا، بێگومان عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە پڕیشكی گۆڕانكارییەكانی لێ بەدیار دەكەوێت، بەپێی دوایین ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تێكڕای زەوییە كشتوكاڵییەكان لە عێراق زیاترە لە ١٣٥ ملیۆن دۆنم و لەو ڕووبەرە بەشێكیان بەهۆی گۆڕانی ئاو و هەوا لە دەستچووە و، وەزارەتەكە ڕایگەیاند كە ٩٨ ملیۆن دۆنم بەهۆی لێكەوتەكانی گۆڕانی ئاو و هەوا لەناوچووە و كشتوكاڵ تێیدا كوژاوەتەوە، هەروەها زیاتر لە ٢٦ ملیۆن دۆنمی دیكە هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، واتا ئەوەی لە عێراق ماوەتەوە تەنیا ١٣ ملیۆن دۆنم زەوی كشتوكاڵییە كە ئەمەش كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژینگەی عێراق هەیە بە گشتی".
لەبارەی هۆكارەكانی تێكچوون و پیسبوونی هەوا، ڕێبین سەمەد گوتی: "یەكێك لە هۆكارەكانی تێكچوونی ژینگە و پیسبوونی هەوا بریتییە لە چالاكی مرۆڤ لە بەرهەمهێنان و گەڕان بەدوای نەوتدا، كارگەكانی پیشەسازی، هەروەها كێشەی كارەبا یەكێكە لە كێشە گەورەكان كە بووەتە هۆی تێكچوونی ژینگە، لە عێراق و هەرێم هەر شارێك زیاتر لە هەزار مۆلیدەی پێدانی كارەبای تێدایە و زۆربەی مۆلیدەكان لە ٢٥٠ كەیڤی بەسەرەوەیە و ئەمانە كاریگەری خراپ لەسەر ژینگە دروست دەكەن هەتا ئەگەر سووتەمەنییەكی باشیش بەكاربهێنن".
ڕێبین سەمەد گوتیشی: "ئەگەر سەیری عێراق و هەرێم بكەین، دەبینین بەغدا و هەولێر تاكە شارن لە جیهاندا كە ژمارەی ئۆتۆمبێل لە ژمارەی دانیشتووان زیاترە، ئەمانە هۆكاری گەورەن بۆ تێكچوونی كوالێتی هەوا، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر سەیری شارەكانی هەولێر، دهۆك و سلێمانی بكەین دەبینین ڕێژەی پاڵاوگەكانییان ئێجگار زۆرە بەراورد بە شارەكانی دیكەی عێراق، چونكە كۆی شارەكانی عێراق بەبێ هەرێم تەنیا ١٦ پاڵاوگەی تێدایە، كەچی تەنیا لە هەولێر، دهۆك و سلێمانی نزیكەی ٢٥٠ پاڵاوگە هەیە ئەم ڕێژەیە ئێجگار زۆرە بە تایبەت هەولێر كە نزیكەی ١٥٠ پاڵاوگەی تێدایە".
لە بارەی كوالێتی هەوای هەولێر، ڕێبین سەمەد گوتی: "بەپێی دواین ڕاپۆڕتی نێودەوڵەتی بۆ كوالێتی هەوا كە لە ئاداری ٢٠٢٤ بڵاوكرایەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەولێر بە ١١ هەمین شار دادەنرێت لە ڕووی پیسی هەواوە، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش بە دووەم شار دادەنرێت لە دوای بەغدا، بەپێی ڕاپۆرتی ئەمساڵیش كە هێشتا بڵاونەكراوەتەوە، بە دڵنیاییەوە ڕیزبەندییەكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، چونكە ڕێكارەكانی بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی هەوا دەستی پێكردووە بە تایبەت هەڵگرتنی مۆلیدەكان و سەپاندنی تەكنەلۆژیای سەردەم بەسەر پاڵاوگەكان بۆ ئەوەی كەمترین زیانی هەبێت".
هاوكات گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان دكتۆر سەنعان عەبدوڵڵا رایگەیاندوە: "بابەتی پرسە ژینگەییەكان بە تایبەت لە عێراق و هەرێم بابەتێكی گرنگە و وەك هاووڵاتی پێویستە ئاگاداری بین وەك هۆشیاریی و چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەم پرسە، عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە كاریگەرییەكی زۆری كەشوهەوا لەسەری هەیە، وەك لە ڕاگەیاندراوەكانیش باس لە بەبیابانبوون و كۆچكردن و كەمكبوونەوەی ئاو و بابەتی كەشوهەوا دەكرێت، ئەمانە هەمووی كاریگەری نەرێنییان لەسەر عێراق هەبووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەنددارەكان هەوڵمانداوە بۆ ئەوەی بتوانین كاریگەرییە نەرێنییەكان كەم بكەینەوە لە ڕێگای بە ئیدارەدانی ئەم پرسە".
دكتۆر سەنعان عەبدوڵڵا وتیشی: "تا ئێستا ١٥ ڕێنماییمان دەركردووە لەسەر پاراستن و چاككردنی ژینگە، لە ماوەكانی ڕابردوو هەوڵەكانی حكوومەت چڕكراوەتەوە لەسەر باشكردنی كوالێتی هەوا و لەم چوارچێوەیەشدا ڕێكاری یاسایی گیراوەتەبەر ئەو كۆمپانیایانەی كە كەمتەرخەم بوونە و پابەند نینە، هەروەك دەزانین هۆیەكانی پیسبوون بریتییە لە كارگەكان، پاڵاوگەكان و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و لە هەمانكاتدا زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، هەموو ئەوانە كاریگەری نەرێنییان هەیە لەسەر هەوا و ژینگەی هەرێم".
لە چەند مانگی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێم هەوڵێكی دەستپێكرد بۆ پاكڕاگرتنی هەوا و ژینگەی هەرێم بە تایبەت هەولێر و بۆ ئەم مەبەستە ٥٩ پاڵاوگە داخران و لە پارێزگای دهۆكیش سەرجەم پاڵاوگەكان داخران و دووبارە پێویستە مامەڵەی دەستبەكاركردنەوە پێشكەش بكەن و ڕێنماییە ژینگەیی و تەندروستییەكان جێبەجێ بكەن.
هەروەها لەسەر ئاستی ھەرێمدا حەفت هەزار و ٣٥٤ مۆلیدەی ئەهلی هەیە كە زۆرترین مۆلیدەی ئەھلی كەوتووەتە پارێزگای ھەولێر كە بریتییە لە سێ ھەزار و ٧٧٦ موەلیدەیە، هاوكات لە پارێزگای سلێمانی ھەزار و ٧٥٩ موەلیدە و لە پارێزگای دھۆكیش ھەزار و ٨١٩ موەلیدە ھەیە. ئەمە لە كاتێكدایە كە پڕۆژەی ڕووناكی لە ٢١ گەڕەكی پارێزگای هەولێر و ١١ گەڕەكی پارێزگای سلێمانی دەستی پێكردووە و بەهۆیەوە لە پارێزگای هەولێر نزیكەی ٤٥٠ مۆلیدەی كارەبایی كوژاونەتەوە.
راپۆرتی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ