نەوا-
نزیكەی سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕدەبێت و تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وەك لایەنی سەرەكی پێكهێنەری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم، چەند جارێك كۆبونەتەوەو چەند هەنگاوێكیان بڕیوە، لەئێستاشدا لیژنە تەكنیكییەكان خەریكی ئامادەكردنی رەشنوسێكن بۆ پێكەوە كاری هاوبەشی هەردوو لە چوار ساڵی داهاتوودا.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمییەكانی خولی شەشەمی هەڵبژاردن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ پڕۆژەیەكی ڕاگەیاند بۆ بەشدارییكردنییان لە حكوومەت كە تێیدا داوای پۆستی سەرۆكوەزیرانیان كرد و یەكێكی دیكە لە مەرجەكان ئەوە بوو كە پۆستی سەرۆكوەزیران لەلای هەر پارتێكی سیاسیی بێت ئەوا پێویستە پۆستەكانی دیكەی حكوومەت لەلای لایەنەكانی دیكە بێت، هەروەها یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسییدا بڕیاریاندا كە بەشداری كابینەی نوێی حكوومەت نەكەن هاوكات كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بڕیاریدا كە هەم بەشداری لە حكوومەت و هەم لە پەرلەمانی كوردستاندا نەكات.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە خاوەنی ١٥ كورسیی پەرلەمانییە، تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەداوە بۆ بەشدارییكردنیان لە حكوومەت یان ئۆپۆزسیۆنبوونیان لە پەرلەمانی كوردستان – عێراق.
پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ ئاشكرای دەكات كە تا ئێستا دواین بڕیاریان نەداوە بۆ بەشداریكردنییان لە كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوەش دەخاتەڕوو كە نەوەی نوێ وەك یەكەمین هێز پڕۆژەیەكی بۆ پێكهێنانی حكوومەت خستووەتەڕوو، ئاماژە بەوەش دەكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هێزی سەرەكی پێكهێنەری حكوومەت، دووجار سەردانی نەوەی نوێی كردووە.
پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان – عێراق، عەدنان سەید حوسێن لەبارەی بەشدارییكردنییان لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی: "لە دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، نەوەی نوێ وەك یەكەمین هێزی سیاسیی، پڕۆژەیەكی بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوپەیمانیی خستەڕوو، لە پڕۆژەكەدا بە ڕوونی داوای ئەوەمان كردووە كە پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرین، یان هەر لایەنێك پۆستی سەرۆكوەزیران وەربگرێت ئەوا تەواوی پۆستەكانی دیكە بۆ لایەنەكانی دیكەی بەشداربووی حكوومەت بێت".
عەدنان سەید حسێن وتیشی: "نەوەی نوێ هێشتا بڕیاری كۆتایی خۆی نەداوە و لە ڕۆژانی داهاتوو كۆبونەوەیەك لەمبارەیەوە ئەنجام دەدەین و بڕیاری كۆتایی دەدەین لەسەر ئەوەی بەشداری حكومەت دەكەین یان وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان دەمێنینەوە".
لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەت، عەدنان سەید حسێن رایگەیاندوە: "پارتی دیموكراتی كوردستان دووجار سەردانی كردووین، ئەوان ئامادەن هەر وەزارەتێكمان بوێت بە تەواوی دەسەڵاتەكانییەوە پێمان بدەن، بەڵام پارتی دەیەوێت پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم لای خۆی بمێنێتەوە".
لەبارەی پەیوەندییەكانیشیان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك دووەم هێزی پێكهێنەری حكوومەت، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ عەدنان سەید حسێن وتی: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكومەت نیە و بۆیەش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆدایە، بەر لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان، یەكێتیی جارێك سەردانی كردوین".
هاوكات یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كە خاوەنی حەوت كورسی پەرلەمانییەو تا ئێستا دووپاتیان كردووەتەوە كە بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناكەن و ڕایدەگەیەنن كە لەم قۆناغەدا پێیان باشە وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە. بەڵام بەپێی زانیارییەكان لە ڕۆژانی داهاتوو دوا بڕیاری خۆیان دەدەن.
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، عوسمان كاروانی لەمبارەیەوە رایگەیاند: "ئێمە تازە كۆنگرەمان بەستوە و لە یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسییشدا لە دوای كۆنگرە، دووپاتمان كردووەتەوە كە لەم قۆناغەدا وەك هێزێكی ئۆپۆزسیۆن دەمێنینەوە و بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەت ناكەین، تا ئەم چركە ساتە ئەمە بڕیاری یەكگرتووە و وەك ئۆپۆزسیۆن درێژە بە كارەكانی خۆمان دەدەین".
عوسمان كاروانی وتیشی: "هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە جیا سەردانیان كردوین و داوایانكردوە كە بەشداری لە حكومەتی نوێدا بكەین، بەڵام ئێمە دووپاتمان كردووەتەوە كە بەشدارنابین چونكە تێبینیمان لەسەر ئەدای كارەكانی حكوومەت هەیە و پێمانوایە لە ئاست وەڵامدانەوەی هاووڵاتییان نیە".
كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا سێ كورسیی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە و ئەمەش نیگەرانیی لای سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای حزبەكە دروستكرد و بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا بایكۆتی پەرلەمان و حكوومەتیش بكەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، شوان رابەر لەبارەی دوا هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان سەبارەت بە بەشداریكردنییان لە كابینەی نوێی حكومەت، بۆ ئاژانسەكە وتویەتی: "دیارە سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، لە ٢٦ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤ بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریاندا كە بەشداری لە پەرلەمانی كوردستاندا نەكەن، ئەویش لە سۆنگەی ئەوە بوو كە بە دڵنیاییەوە بە بەڵگە لەدەستمان بوو، هەروەها سەلماندمان كە لەم هەڵبژاردنەدا ساختە بەرامبەر بە كۆمەڵی دادگەریی كراوە، بۆیە ئێمە نەك هەر بەشداری لە حكوومەت ناكەین بەڵكو بەشداری لە پەرلەمانیش ناكەین، ئەوەش بۆ ئەوە بوو ئێمە هەڵوێستێك بنوێنین كە شایەنی ئەم زوڵمە بێت كە بەرامبەرمان كراوە، چونكە لە ڕابردوو حەوت كورسیی پەرلەمانییمان هەبوو، نە دەبوو ئێستا سێ كورسی بهێنین لە كاتێكدا ئێمە ئۆپۆزسیۆن بووین لە دەسەڵات نەبووین تا خەڵك سزامان بدات".
لەبارەی پەیوەندی و گفتۆگۆكانیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك دوولایەنی سەرەكی پێكهێنەری حكوومەت، شوان ڕابەر گوتی: "تا ئێستا هیچ لایەنێك بەناوی ئەوەی كە حكوومەت پێكدەهێنن، سەردانی نەكردووین، هۆكارەكەش ئەوەیە كە شێوازی پێكهێنانی حكوومەت لە نێوان پارتی و یەكێتی ماوەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی بڕیارماندا كە ناچینە پەرلەمان، ئەوا كۆمەڵێك لایەنی دیكە هاتوون سەردانیان كردووین و داوایانكردووە كە ئێمە بچینە پەرلەمان، بەڵام ئێمە هۆكارەكەمان بۆیان خستووەتەڕوو كە ناچینە ناو پەرلەمان، بڕیارەكەشمان كۆتاییە، نە بەشداری پەرلەمان دەكەین، نە لە حكوومەت بەشدار دەبین".
ئەمە لە كاتێكدایە كە٢٠ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو كە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان سەرپەرشتی كرا. ھەڵبژاردنەكە بەشێوازی فرەبازنەیی ئەنجامدرا و ھەرێمی كوردستان بەسەر ٤ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشكرا كە تیایدا لایەنەكان و كەمینەكان پێشبركێیان بۆ بەدەستھێنانی ١٠٠ كورسی پەرلەمانی كرد و لە ئەنجامدا، پارتی دیموكراتی كوردستان ٣٩ كورسیی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ٢٣ كورسی، نەوەی نوێ ١٥ كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان حەفت كورسی، ڕەوتی ھەڵوێست چوار كورسی، كۆمەڵی دادگەریی سێ كورسی، بەرەی گەل دوو كورسی، ھاوپەیمانی ھەرێمی كوردستان یەك كورسی و بزووتنەوەی گۆڕان یەك كورسی پەرلەمانییان بەدەستھێنا.
راپۆرتی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ