نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندی ئیمراڵی كردو لە كۆبونەوەیەكدا پشتیوانی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دوپاتكردەوە.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندی ئیمراڵی كرد كە بۆ راگۆڕینەوەو گفتوگۆ دەربارەی هەوڵەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لەكۆبونەوەیەكدا سەرۆكی هەرێم هەمو هاوكاری و پشتیوانیەكی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دوپاتكردوەتەوەو هەروەها پرۆسەكەی بە دەرفەتێكی گرنگ و مێژویی لە قەڵەمداوە كە پێویستە هەموان كار بۆ سەرخستن و برایەتی كوردو تورك بكەن.
سەرۆكی هەرێم ئەوەشی باسكردوە، هەر لە سەرەتاوە هەمیشە كارمانكردوە بۆئەوەی پرۆسەی ئاشتی بێتە ئاراوەو كێشەكان ئاشتیانە چارەسەر بكرێن، چونكە ئەزمون سەلماندویەتی شەڕو چەك هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات و هیوادارم كە پەكەكە ستراتیژییانە لە پرۆسەكە بڕوانێت و پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت.
لای خۆشیەوە شاندی ئیمراڵی تیشكیان خستە سەر هەنگاوەكانی پرۆسەكەو ستایشی هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمیان كرد لە پرۆسەی پێشترو ئێستای ئاشتیداو داوایكرد كە بۆ هاوكاری و پشتگیریی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە بەردەوام بێت.