نەوا-
پەتایەكی ڤایرۆسی ئاژەڵیی لەعیراق بڵاودەبێتەوەو وەزیری كشتوكاڵیش دەڵێت، تائێستا سێ هەزار ئاژەڵ توشی پەتاكە بون.
عەباس مالكی وەزیری كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی تائێستا توشی پەتاكە بون گەیشتوەتە 3 هەزار سەر مەڕو بزن، پەتاكەش زیاتر لە 90 ساڵە بونی هەیەو دەرمان و كوتانەكان بەردەستن و بەبێ بەرامبەر دابەشدەكرێن.
مالكی وتوشیەتی: دەنگۆی گواستنەوەی پەتا ئاژەڵییەكە بۆ مرۆڤ لە رێگەی گۆشت و ماستەوە دورە لە راستیەوە.
پەتا ئاژەڵییەكە ناوی (Foot-and-Mouth Disease - FMD) بە مەترسیدارترین نەخۆشی ڤایرۆسیی دادەنرێت كە دوچاری ئاژەڵان دەبێتەوە وەك مانگاو مەڕو بزن و بەراز.
نەخۆشییەكە توانای بڵاوبونەوەیەكی خێرای هەیەو كاریگەریی نێگەتیڤ دەكاتە سەر بەرهەمی ئاژەڵی و لەدەستدانی ئابوری كە سەرچاوەی خۆراك و داهاتی نەتەوەییە، لەهەمانكاتدا دەبێتەهۆی كەمبونەوەی بەرهەمی شیرەمەنی و گۆشت و ئاستەنگ لەبەردەم بازرگانی ئاژەڵیدا دادەنێت بەهۆی ئەو كۆت و بەندانەی دەخرێنە بەردەم ئەو وڵاتەی نەخۆشییەكەی تیادا بڵاوە لە روەكانی گواستنەوەو هاوردەو هەناردەكردنی ئاژەڵی توشبو بە پەتاكە.