نەوا-
بەتۆمەتی پیسبونی ژینگەو بڵاوبونەوەی بۆنی ناخۆش كارگەیەك و دوو كۆمپانیای سوتەمەنی سنوری عەربەت رێكاریی یاساییان لەدژ گیرایەبەر .
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، ماوەیەكە بەهۆی ئەو بۆنەی كە لەهەوادا بڵاوبوەتەوەو بوە بەهۆی بێزاركردنی دانیشتوانی سنورەكانی قەزای هەڵەبجەی تازەو ناحیەكانی عەربەت و زەڕایەن و دەوروبەریان و هاووڵاتیان سكاڵایان هەیەو نیگەرانن، هەربۆیە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی دارستانی عەربەت بەدواداچون بۆ ئەو دۆسیەیە كراو لەئەنجامدا توانرا كارگەیەك و دوو كۆمپانیای سوتەمەنی روبەڕوی دادگا بكەنەوە .
راشیگەیاندوە، لە ئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رێكخراوە لە بنكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی عەربەت بۆ وەرگرتنی رێكاری یاسایی و كێشەكە لەژێر لێكۆڵینەوەدایە .
ئاماژەشیكردوە، لەماوەی رابردودا لەلایەن بنكەی پۆلیسی دارستانی عەربەتەوە بەهەمان شێوە كارگەیەكی تری سوتەمەنی روبەڕوی دادگا كراوەتەوە.